Accessibility links

عەلی زەیدی لە سعودیە: ڕێگە نادەین لە خاکەکەمانەوە دەستدرێژی بکرێتە سەر وڵاتانی دراوسێ

سەرۆکوەزیرانی عێراق عەلی زەیدی ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕیازی پایتەختی سعودیە جەختی کردەوە لەوەی ڕێگە نادات گرووپە چەکدارەکان لە خاکی عێراقەوە ببنە مەترسی بۆ سەری ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ.

عەلی زەیدی لە چوارچێوەی گەشتێکی بۆ وڵاتانی کەنداو، ئەمڕۆ لەگەڵ شازادەی جێنیشین محەمەد بن سەلمان و بەرپرسانی تری باڵای سعودیە لە ڕیاز کۆبووەوە.

لە دیدارەکەدا زەیدی سەرکۆنەی هێرشی سەر فڕۆکەخانەی شا خالیدی نیودەوڵەتی لە ڕیاز کرد کە لەلایەن حوسییەکانەوە ئەنجام دراوە.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی حکومەتی عێراق، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە عێراق ڕێگە نادات خاکی وڵاتەکەی بۆ ئەو کارانە بەکار بهێنرێت کە مەترسی لەسەر ئاسایشی سعودیە یان وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دروست دەکەن. جەختی کردووەتەوە لە پابەندی حکومەتەکەی بە بنەماکانی دراوسێیەتی باش و ڕێزگرتن لە سەروەری وڵاتانی ناوچەکە و دروستکردنی پەیوەندی ئەرێنی لەگەڵ "گەلانی برا و دۆست."

ئەندامێکی ئەنجومەنی ڕاوێژکاری سعودیە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند سەردانەکەی زەیدی لە کاتێکی "زۆر هەستیاردایە" و هەڵگری سێ پەیامی سەرەکییە کە بریتین لە ئاسایش، ئابووری و سیاسی.

موفلیح قەحتانی، ئەندامی ئەنجومەنی شورای سعودیە بە دەنگی ئەمەریکای وت، عێراق و سعودیە خاوەنی دەرفەتی بەرچاون بۆ بەرزکردنەوەی هاوکاری لە بوارەکانی وزە، وەبەرهێنان، گواستنەوە، و ئاسایش.

ناوبراو هیوای خواست بەغدا "هەنگاوی کردەیی" بنێت بۆ ئەوەی چەکەکان تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بمێننەوە و عێراق ببێتە پردێک بۆ سەقامگیری ناوچەکە نەک گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکان.

This item is part of
XS
SM
MD
LG