بەگوێرەی شارەزایان، گروپی تیرۆریستی حوسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیی دەکرێت ئامانجی تەنها کۆنترۆڵکردنی سنوری جوگرافیای یەمەن نییە، بەڵکو دەیەوێت پەل بکێشێت بۆ دەرەوەی سنور و دەستەڵاتی بگەیەنێتە دەریای سور و دەریای عەرەب و زەریای هیندی.
گرووپی حوسییەکان لە 20ـی مانگی حەوتدا ئابڵوقەی دەریاییان لەسەر سعودیە راگەیاند، پاش ئەوەی سعودیەیان تۆمەتبار کرد بە بۆردومانکردنی فرۆکەخانەی سەنعا کە لەلایەن ئەو گرووپەوە کۆنترۆڵ کراوە.
حکومەتی فەرمی یەمەن، کە لەلایەن کۆمەڵی نێودەوڵەتییەوە ناسێنراوە و سعودیە پشتیوانیی دەکات، رایگەیاندبوو کە هێرشی کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی پایەتەختی یەمەن بۆ ڕێگرتن لە نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئێرانی. لەو کاتەوە حوسییەکان هێرشیان کردووەتە سەر 10 کەشتی، کە لانیکەم حەوتیان سعودی بوون. لە یەکێک لەو هێرشانەدا لە مانگی هەشت شەش کەس کوژران.
مانگی پێشوو حوسییەکان تەواوی کەنارەکانی یەمەنیان لەسەر دەریای سور داگیر کرد. ئەو کات ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییان دایە گروپەکە لەمەڕ پەکخستنی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی. گروپەکەش ڕایگەیاند کە تەنیا کەشتییە سعودییەکان دەکاتە ئامانج نەک هی وڵاتانی دیکە.
بەڵام شارەزایان بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێن گروپە تیرۆرستییەکە "خەونی گەورەتری هەیە."
هیشام عومەسی، ڕاوێژکاری باڵا لە پەیمانگای ئەوروپا بۆ ئاشتی، لە چاوپێکەوتنێکی دەنگی ئەمەریکادا رایگەیاند، "ئەوان دەستەڵاتیان دەوێت. ئەوان خەونی ناوچەییان هەیە."
هەروەها دەڵێت، "عەبدول مەلیکی حوسی [سەرکردەی گروپەکە] بڕوای وایە کە ئەو نەوەی راستەوخۆی پێغەمەبەرە و پێویستە ببێتە سەرکردەی تەواوی ئۆمەتی ئیسلام."
حوسییەکان لە کۆتاییەکانی 2023ـدا هێرشیان کردە سەر کەشتییەکانی پەیوەست بە ئیسرائیلەوە وەک هاوسۆزییەک لەگەڵ گروپی تیرۆریستی حەماس لە دوای هێرشەکانی ئەو گروپە بۆ سەر ئیسرائیل لە 7 ئۆکتۆبەردا کە بووە مایەی هەڵگیرسانی شەڕ.
ساڵی 2024، دەستەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کرد کە لە مانگی یازەدی ساڵی پێشترەوە تاوەکو مانگی حەوتی ئەو ساڵە، حوسییەکان هێرشیان کردە سەر 134 کەشتی، کە بەبێ جوداکاریی کەشتییە بازرگانییەکانیان کردبووە ئامانج وەک لەوەی تەنها هێرش بکەنە سەر کەشتییە ئیسرائیلییەکان. هەروەها هێرشیان کردبووە سەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا و بەریتانیاش.
لە مانگی سێی 2025، ئەمەریکا هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر گروپەکە دەستپیکرد و پاش دوو مانگ، وەک بەشێک لە رێککەوتنێک بە ناوەندگیریی عومان، هێرشەکانی ڕاگرت.
عومەسی وەها وەسفی حوسییەکان دەکات کە "توندڕەون" و دەخوازن "دەستێکی توند بخەنە سەر" کەنداو و هاتووچۆی کەشتیوانی.
"بڕوانە تۆماری رابردوویان،" ئەلعومەسی دەڵێت "هەر یەک دوو ساڵ لەمەوبەر هێرشیانکردە سەر 100 کەشتی لە سەرتاسەری جیهاندا. چەندیین کەشتییان نوقم کرد... هەرگیز بە قسەیان فریو نەخۆیت."
هانا پۆرتەر، توێژەری یەمەن لە گروپی ئەی ئاڕ کەی، کە رێکخراوێکی گەشەپێدانی نێودەڵەتییە و بنکەکەی لە دوبەیە، دەڵێت حوسییەکان کاریگەریی کردارەکانیان لەسەر بازرگانیی جیهانی و بازاڕەکانی وزە و زنجیرەی دابینکردن دەر خستووە.
پۆرتەر دەڵێت، "حوسییەکان توانای بەئامانجگرتنی کەشتییەکانیان هەیە کەی بیانەوێت. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە کەشتیوانی بە دەریای سوردا مەترسی خۆی هەیە و تێچووی متمانەی سەلامەتی زیاتردەکات."
مێژووی توندوتیژی
دوایین کێشەکان لە ساڵی 2011 دەستیان پێ کرد، لەوادەی بەهاری عەرەبی کە بزوتنەوەیەکی رزگاریخوازبوو لە دژی سەرکردە ستەمکارەکان لە چەندین وڵاتی عەرەبی. خۆپیشاندانەکان لە یەمەن عەلی عەبدوڵا ساڵحیان لە ساڵی 2012، لە دوای ساڵانێکی زۆر لە سەرۆکایەتی، لە حوکمڕانی لابرد. عەبد ڕەبە مەنسوڕ هادی جێگری بووە سەرۆک لە پرۆسەیەکدا کە لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە ناوەندگیری کرا.
گواستنەوەی دەستەڵات بووە مایەی ناسەقامگیری زیاتر. حوسییەکان ئەو هەلەیان قۆستەوە و لە ساڵی 2014ـدا سەنعای پایتەختیان گرت و هادیان ناچار کرد هەڵبێت بۆ باشوری یەمەن و پاشان بۆ سعودیە. دواتر هاوپەیمانێتییەک بە سەرۆکایەتی سعودیە، کە لە سەرەتادا نۆ وڵاتی لەخۆدەگرت، لەنێویاندا ئیمرات و میسر و سودان، لە مانگی سێی 2015 لەسەر داوای هادی چوونە ناو شەڕەکە. حوسییەکان لە 2015ـدا هاوپەیمانییەکیان لەگەڵ ساڵح سازدا، بەڵام دواتر لە مانگی دوانزەی 2017ـدا تیرۆریان کرد، پاش ئەوەی پشتیوانی خۆی لە هاوپەیمانێتییەکە بە سەرکردایەتی سعودیە دەربڕی.
ئاگەربەستێک کە نەتەوە یەکگرتووەکان رێکیخستبوو لە ساڵی 2022 بووە مایەی ڕاگرتنی شەڕ لە یەمەن، بەڵام ئەمساڵ دیسان هەڵگیرسایەوە لە پاش فراوانبوونی ناکۆکی و ئاڵۆزی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە ناوچەکەدا.
شێوەی کارکردنی ئێران
پاش ئەوەی ئەمەریکا و ئیسرائیل هیرشی سەربازییان کردە سەر ڕژێمی تیرۆریستیی ئێران لە 28ـی مانگی دووی ئەمساڵدا، کاردانەوەی تاران بریتیی بوو لە هەڵدانی هەزاران موشەک و درۆن بە ئاراستەی وڵاتانی ناوچەکەدا، کە هەندێک لەو وڵاتانە پێگەی هێزەکانی ئەمەریکایان تێدابوو. هەروەها ڕژێمی ئێران هێرشی کردە سەر کەشتیوانیی بازرگانیی لە تەنگەی هورمز و پەکخستنی هاتوچۆی دەریایی کە شادەماری گواستنەوەی وزەیە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بووە چەکێکی ئابووریی بەدەستیانەوە لەدژی ئابووریی جیهان.
عومەسی دەڵێت کە ئێستا حوسییەکان هەمان شێوەی کارکردنیان گرتووەتە بەر. "یەکەم شت کە ئێرانییەکان کردیان پاش هێرشی ئەمەریکا، ئەوەبوو کە هێرشیانکردە سەر وڵاتانی کەنداو... هۆکارەکەش ئەوەبوو کە دەیانویست تێچووی شەڕەکە زیادبکەن."
بە ووتەی عومەسی "لە ئێستاشدا هەمان ستراتیژ لەلایەن حوسییەکانەوە بەکاردەهێنرێت- کە بریتییە لە بەرزکردنەوەی تێچووی شەڕەکە."
پۆرتەری توێژەر لەسەر یەمەن دەڵێت شەڕی نێوان سعودیە و حوسییەکان نمونەیەکە لە شەڕی نابەرابەر.
پۆرتەر بە دەنگی ئەمەریکای وت، "[حوسییەکان] دەتوانن چەکی تاڕادەیەک کەمتێچوو بەکاربهێنن بۆ خولقاندنی هەڕەشەی گەورە لەسەر کەشتیوانیی جیهانی، ئاسایشی دەریایی و گەشتی ئاسمانیش." هەروەها وتیشی، "سوپا بەهێزەکان خەرجی زەبەلاحیان لەسەر دەکەوێت -وەک هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا و سعودیە- کاتێک هەوڵی بەرگرتن دەدەن لە موشەکەکانی حوسییەکان، یاخود بەرەنگاربوونەوەی گروپەکە."
بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسییە و چارەسەرکردنی کێشەی یەمەن، عومەیسی ئاماژەی دا بەوەی چارەسەری دیپلۆماسی پێویستە، بەڵام ڕەنگە ئەمە ئەستەم بێت تا ئەوکاتەی حوسییەکان هەست بە لاوازی سەربازی دەکەن.
دەشڵێت: "دەبێت سەرەتا دەستکەوتی سەربازی بەسەریاندا بەدەست بهێنرێت، توانای سەربازییان بشکێنرێت، ناچار بکرێن تەسلیم بن، دواتر سەیری ڕێککەوتنی سیاسی و ئاشتەوایی بکرێت. جگە لەوە، بژاردەی تر تەنها یاریکردنە بە ئاگر ."