Accessibility links

نێچیرڤان بارزانی:پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەم هەڕەشەیە و هەم دەرفەتێکە بۆ کورد

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕایدەگەیەنێت پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قۆناغێکی نوێیە لە ناوچەکەدا کە هەم دەتوانێت مەترسی بۆ سەر کورد دروست بکات و هەم دەرفەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بهێنێتە ئاراوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی دووشەممە 12ـی ئۆکتۆبەر لە کۆبوونەوەی مێری ڕایگەیاند کە هەر بەشێکی کوردستان بە پێی هەلومەرج و تایبەتمەندییەکانی، دەتوانن سوود لە دەرفەتەکانی ئەم قۆناغە وەربگرن.

نێچیرڤان بارزانی بە ئاماژەدان بە دەرئەنجامە ئابوری و ئەمنییەکانی پێشهاتەکانی ناوچەکە ئاماژەی بەوەدا کە مەترسی گەورە لەسەر عێراق ڕەنگە ئابووری بێت، چونکە ئابووری وڵاتەکە پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە و داخستنی تەنگەی هورمز ڕەنگە ئابووری عێراق بە شێوەیەکی جددی پەک بخات.

نێچیرڤان بارزانی: ئەردۆغان و ئۆجەلان دەیانەوێت پرۆسەی ئاشتی سەربکەوێت

سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی نێوان حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند بە هەڵسەنگاندنی ئەو، هەم ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و هەم عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە، پرۆسەکە بە جددی وەردەگرن و دەیانەوێت سەرکەوێت.

بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد ڕەنگە پرۆسەکە خاو بێت، بەڵام هەردوولا دەیانەوێت سەربگرێت. نێچیرڤان بارزانی بۆ ڕوونکردنەوەی گۆڕانی کەشوهەوای سیاسی تورکیا، ئاماژەی بە وتووێژەکەی لەگەڵ ئەردۆغان کرد و وتی لەو کۆبوونەوەیەدا بە سەرۆکی تورکیای وتووە دنیا گۆڕاوە و کەس بیری لێنەدەکردەوە کورد دوعا بۆ تەندروستی باخچەلی بکات کە سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا و یەکێک لە کەسایەتییە ناسیۆنالیستەکانی ئەو وڵاتەیە. بە بڕوای بارزانی، ئەم نموونەیە ئەوە دەردەخات کە کەشوهەوای سیاسی لە تورکیا گۆڕانی بەسەردا هاتووە.

نێچیرڤان بارزانی: پێویستە لە دەستووردا مافی کورد لە سوریا مسۆگەر بکرێت

بارزانی سەبارەت بە بارودۆخی کورد لە سوریا ڕایگەیاند ئەوەی لە توانای بەرپرسانی ڕۆژئاوا بووە کردوویانە و لە هەلومەرجی ئێستادا ناتوانن زیاتر بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد ئەزموونی هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی سەربەخۆ نەدەتوانرا لە ڕۆژئاوا بەدی بهێنرێت.

نێچرڤان بارزانی بە ئاماژەدان بە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سوریا ڕایگەیاند بە بۆچوونی ئەو شەرع هەڵوێستی دژە کوردی نییە. لەگەڵ ئەوەشدا باسی لەوەشکرد پرسی سەرەکی لەو ناوچەیە، دەستەبەرکردنی مافەکانی کوردە لە دەستووردا و داننان بە مافەکانیانە هاوشێوەی پێکهاتەکانی دیکەی کۆمەڵگەی سوریا.

هەروەها ئاماژەی بە سەردانەکەی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ سوریا کرد و ڕایگەیاند لەو سەردانەدا لە ڕێوڕەسمی بەخێرهاتنەوە بە زمانی کوردی بگرە تا دەگاتە مێنۆی خواردن و تابلۆ و ئاڵا، هەموو بە زمانی کوردی و هێمای کوردییان هەبووە؛ ئەمەش بە وتەی ئەو پەیامێکی گەیاندووە کە شەرع ویستویەتی بڵێت هیچ کێشەیەکی لەگەڵ کورددا نییە.

بارزانی: حزبەکانی ڕۆژهەڵات نابەرپرسیارانە ڕەفتار و هەڵسوکەوتیان کردووە

سەبارەت بە دۆخی ئێران و لایەنە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ئەم گرژی و شەڕی نێوان ئێران و ئەمەریکایە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە توندی ڕەخنەی لە هەڵسوکەتی ئەو لایەنانە گرت و وتی ڕەفتارەکانیان زۆر نابەرپرسیارانە بووە.

وتی کارەکانی ئەوان هەرێمی کوردستانیان خستووەتە دۆخێکی زۆر سەختەوە و سەرەڕای دووبارەبوونەوەی هەڵوێستەکانی هەرێم کە وتوومانە نابینە بەشێک لەم شەڕە، ئەوان ڕەفتارگەلێکیان گرتووەتەبەر کە بە وتەی ئەو، ئەو هەڵوێستەیان پشتگوێ خستووە.

بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە ئێران دراوسێی هەرێمی کوردستانە و نابێت خاکی هەرێم بۆ هەڕەشەکردن لە ئێران بەکاربهێنرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد لە ڕۆژی یەکەمەوە سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی ڕوون بووە و لەسەر ئەو پرسە و هاوڕا بوون و هەربۆیەش پێکەوە هێزیان ڕەوانە کردووە بۆ پاراستنی سنوورەکان بۆ ئەوەی هەرێم نەچێتە ناو شەڕەوە.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد ئەولەویەتی ئێستا پاراستنی هەرێمی کوردستان و سنوورەکانیەتی.

نێچیرڤان بارزانی لەهەمان کاتدا ئاماژەی بەوەدا کە دەرفەت بۆ کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە و لە کۆبوونەوە جۆراوجۆرەکاندا لەگەڵ لایەنی ئێراندا پرسی کوردیان هێناوەتە ئاراوە. بە گوتەی بارزانی ڕەنگە هێشتا پرۆسەیەکی هاوشێوەی پرۆسەی ئاشتی تورکیا لە ئێران دەستی پێنەکردبێت بەڵام بیری لێدەکرێتەوە؛ جەختی لەوەش کردەوە لایەنە کوردییەکان و حکومەتی ئێران دەبێت چارەسەرێک بدۆزنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.

This item is part of
XS
SM
MD
LG