بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە لە هەولێر ئاماژەی دا بە دەستپێکردنی پرۆسەیەکی ئاشتی هاوشێوەی تورکیا لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و حزبەکانی کوردستانی ئێران.
سەرۆکی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی لە وادەی بەشداریکردنی لە دیداری مێری لە هەولێر، وتارێکی پێشکەش کرد، تێیدا باسی دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و پرسەکانی ناوچەکە و ئێرانی کرد.
تاڵەبانی لەوادەی قسەکانیدا وتی کە هاوشێوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کە "دەبێت هەمووان پشتیوانی ئەو پرۆسەیە بین"، لە سەرەتاکانی دەستپێکردنی پرۆسەیەکی هاوشێوە دان لەگەڵ "خوشک و برا ئێرانییەکانمان،" و باسی لەوە کرد کە "ئەمە شتێک بوو لە ئێران زۆر باسمان کرد و ئێران زۆر جوان وەری گرت."
تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش دا کە ئێران "پێشنیاریان کردووە هاوکار بین لەوەی کە پرۆسەیەکی ئاشتی گشتی دروست بکەین لەم ناوچەیە...ئەم دایەلۆگە پێم وایە زۆر زۆر گرنگ دەبێت."
سەرۆکی یەکێتی هیچ زانیارییەکی دیکەی لەمبارەوە ئاشکرا نەکرد و تاوەکو ئێستاش هیچ لایەنێکی دیکە زانیاری لەو بارەیەوە بڵاو نەکردووەتەوە.
لە دیدارەکەدا تاڵەبانی باسی لە بەرەوپێشچوون و باشتربوونی پەیوەندییەکانی حیزبەکەی لەگەڵ لایەنی دەرەکی و ناوخۆیی کرد.
پەیوەندی حزبەکەی لەگەڵ تورکیا بە "زۆر باش" ناو برد و وتی، "دەبێت پەیوەندییەکە ئاسایی ببێتەوە. تاڕادەیەک پەیوەندییەکە ئاسایی بووەتەوە، پێشبینی دەکەم کونسوڵخانەی تورکیا بکرێتەوە لەوێ [سلێمانی]...هەردووکمان باشتر لە یەکتر تێدەگەین."
لە بارەی دروستکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند کێشەی پێکنەهێنانی حکومەتی هەرێم کات نییە بەڵکو هەنێک کێشەی بنچینەیین لە نێوان یەکێتی و پارتیدا.
بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، ""ئەتوانین لە 24 کاتژمێردا حکومەت پێکبهێنین. کێشەکە کات نییە؛ چەند کێشەیەک هەیە، چارەسەر بکرێن، زۆر دەچینە پێشەوە. چەند پرەنسیپێک هەیە، ئەگەر لەسەریان ڕێککەوین، زۆر خێرا دەچینە پێشەوە."
بەگوێرەی ماڵپەڕی ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری)، دامەزراوەکە ساڵانە دیداری خۆی سازدەکات بۆ بەشداریکردنی لایەنە پەیوەندیدارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و سەرکردەی بیروڕا و بڕیاردەرەکان. لە هەمان کاتدا سەکۆیەکە بۆ گفتوگۆکردن و دیبەیتكردن لەسەر ئەو پرسە سەرەکیانەی کە کاریگەرییان لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەرفراوان هەیە.