Accessibility links

سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی سعودیە و کوەیت دەکات؛ یەکەمین سەردانی فەرمی زەیدی بۆ وڵاتانی کەنداو

عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕۆژی چوارشەممە هاوکاتی هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر ڕێاز و شارەکانی دیکەی ئەو وڵاتە، لە یەکەم سەفەری خۆیدا بۆ کەنداو سەردانی سعودیە و کوەیت دەکات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ناوچەکە کە ڕۆژی دووشەممە 12ـی مانگی دە بڵاوکراونەتەوە، واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ئەمنی، ئابووری و وزە - لەنێویاندا پەیوەستبوونی عێراق بە تۆڕی گواستنەوەی کارەبای وڵاتانی کەنداوەوە لە ئەولەویتیە سەرەکییەکانی گەشتەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقە لەم گەشتەدا.

بڕیارە زەیدی لەگەڵ سەرکردەکانی سعودیە و کوەیت، پرسە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکان تاوتوێ بکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکانی تەنگەی هورمز، بەردەوامی پێکدادانی سەربازیی نێوان ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی و پەرەسەندنی شەڕی یەمەن تا دێت ناوچەکە بەرەو گرژی و ئاڵۆزی زیاتر دەبات.

گرنگی ئەم سەفەرە لەو ڕوانگەیەوە دەوروژێنرێت کە ژمارەیەکی زۆر لە پرسی هاوبەشی نێوان عێراق و وڵاتانی کەنداو، لە ئاسایش و وزەوە تا بازرگانی و وەبەرهێنان، هەروەها ئەو کێشانەی بە هۆی شەڕەوە سەرهەڵدەدەن کە هەڕەشە لە سەقامگیری ناوچەکە و ئابوورییەکانی دەکات، تا ڕادەیەکی زۆر زاڵن بەسەر پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا.

بڕیارە لە گەشتەکەدا تاوتوێی واژۆکردنی ڕێککەوتنە ئەمنییە هاوبەشەکان لە نێوان هەردوولادا بکرێت بۆ ئەوەی سنوورەکانی نێوانیان شوێنێک نەبێت بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ.

لەو چوارچێوەیەدا، بەشێک لە میدیاکانی ناوچەکە پێشبینیان کردووە کە واژۆکردنی ڕێککەوتنە ئەمنییەکان، ئابووری و وزە، لەوانەش پەیوەستبوونی عێراق بە تۆڕی گواستنەوەی کارەبای وڵاتانی کەنداو، لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ئەو وڵاتانە لەگەڵ عێراق دەکاتەوە.

ئەم گەشتە لە کاتێکدایە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا سەفەری سەرۆکوەزیرانی عێراق کە پێشتر پلانی بۆ داڕێژرابوو بۆ وڵاتانی کەنداو، دوای هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بۆ سەر سعودیە لە ناوخۆی عێراقەوە و وەڵامدانەوەی سعودیە بۆ ئەم هێرشانە هەڵوەشایەوە.

میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە ناوەڕاستی مانگی هەشت هێرشیان کردە سەر بۆری نەوتی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوای سعودیە لە ناوچەکانی ڕیاز و مەدینە.

لەبەرامبەردا فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ ئەمەریکا هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە شەش پارێزگای عێراق.

This item is part of
XS
SM
MD
LG