هاوپەیمانی سەربازی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی سعودیە ڕۆژی دووشەممە 12ی ئۆکتۆبەر ڕایگەیاند بەردەوامە لە بەرپەرچدانەوەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوان و مووشەکانەی ئاراستەی ڕیاز دەکرێن.
لە هەمان کاتدا دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی سعودیە ڕایگەیاندووە دوای هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی ڕیاز ماوەی ڕاگرتنی چالاکییەکانی فڕۆکەخانەکەی درێژکردووەتەوە.
پێشتر دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی سعودیە پشتڕاستی کردبووە کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شا فەهد ئێوارەی یەکشەممە 11ی ئۆکتۆبەر کراوەتە ئامانج.
لە هەمان کاتدا لەهێرشە نوێیەکەی سەر فڕۆکەخانەی ڕیاز ڕۆژی یەکشەممە ڕوویدا، کەسێک کوژرا و 11 کەسی دیکەش بریندار بوون. چوار وڵاتی عەرەبستان، تورکیا، پاکستان و میسر داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشی حوسییەکانی یەمەنیان کرد.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، حوسییەکان بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕۆژی شەممە و یەکشەممەیان بۆ سەر فڕۆکەخانەی ڕیاز لە ئەستۆ گرتووە و ڕایانگەیاندووە ئەو گرووپە فڕۆکەخانەی دەمام و دوو دامەزراوەی نەوتی ئارامکۆی سعودییشیان کردووەتە ئامانج.
میدیاکانی سەر بە حوسییەکان بڵاویانکردووەتەوە هێرشە ئاسمانییەکانی سعودیە ناوچەکانی سەنعای پایتەختی یەمەن و جەرگەی پارێزگای تەعزیان کردووەتە ئامانج.
هاوپەیمانی سەربازی بە سەرۆکایەتی سعودیە تا ئێستا ئەو هێرشانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
هاوپەیمانییەکە بە شێوەیەکی ڕۆتینی ئۆپەراسیۆنەکانی خۆی ڕادەگەیەنێت. ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە سێ مووشەکهاوێژی حوسییەکانیان تێکشکاندووە و وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش ڕایگەیاندووە کە بە وەڵامێکی بەهێز بەرەوڕووی هێرشی حوسییەکان دەبنەوە.