Accessibility links

حوسییەکان لە هێرشی سەر فرۆکەخانەی ڕیاز سێ هاووڵاتی سعودیەیان کوشت

دیمەنی هێرشێک بۆ سەر فڕۆکەخانەی شا خالید لە مانگی ڕابردوودا.
دیمەنی هێرشێک بۆ سەر فڕۆکەخانەی شا خالید لە مانگی ڕابردوودا.

شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان حوسییەکانی سەر بە ئێران و هێزەکانی سەر بە سعودیە لە یەمەن لەم هەفتەیەدا هەڵکشا. بەرپرسانی سعودیەش کوژرانی سێ هاووڵاتییان لە فڕۆکەخانەیەکی سەرەکی ڕیازی پایتەخت پشتڕاست کردەوە.

دەستەڵاتی فڕۆکەوانیی سعودیە ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند دوێنێ دوو هێرشی جیاواز کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی شا خالیدی نێودەوڵەتی. هێرشی یەکەم بۆ سەر دامەزراوەی فرۆکەخانەکە بووە و هێرشی دووەم فڕۆکەیەکی پێکاوە. لە ئەنجامدا سێ هاووڵاتی سعودیە گیانیان لەدەست داوە.

لە بەیاننامەکەی دەستەڵاتی فڕۆکەوانی سعودیە ئەوەش هاتووە کە ژمارەیەک هاووڵاتی سعودیە و خەڵکی بیانی لە هێرشەکاندا بریندار بوون و برینی هەندێکیان سەختە.

بەر لە بەیاننامەکەی سعودیە، حوسییەکان ڕایانگەیاندبوو کە هێرشیان کردووەتە سەر ئەو فڕۆکەخانەیە.

هێڵی فڕۆکەوانی نیشتیمانیی سعودیە ڕایگەیاند یەکێک لە کوژراوەکان کاپتنی فڕۆکەکەیە.

لە لایەکی ترەوە، وتەبێژی هاوپەیمانی بە ڕێبەرایەتی سعودیە، تورکی مالیکی، ئاشکرای کرد کە هێزەکانیان دوێنێ پێنجشەممە سێ موشەکی بالستی حوسییەکانیان لە خاکی سعودیە تێکشکاندووە.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکان، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ڕیاز داوای لە هاووڵاتیانی ئەمەریکا کردووە بە وریاییەوە چاودێری پێشوەچوونەکان بکەن لە ئەگەری زیادبوونی گرژییەکان و هەڵوەشانەوەی گەشتە ئاسمانییەکان.

بە گوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، هەریەک لە هێڵی فڕۆکەوانیی هندستان و ئەڵمانیا گەشتەکانی ڕیازیان هەڵوەشاندووەتەوە. هەروەها شایەدحاڵان بە ئەسۆشییەتد پرێسیان وتووە ڕۆژی پێنجشەممە دەنگی چەندین تەقینەوەیان لە ڕیاز بیستووە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG