خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی 2026 بەخشرایە ناڤی پیڵەی، پارێزەری تەمەن 85 ساڵی ئەفریقای باشوور کە کۆمیساریای باڵای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ بووە، ئەمەش بەهۆی هەوڵەکانی بۆ بەرگریکردن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەرەوپێشبردنی ئاشتی لە جیهاندا.
کۆمیتەی نۆبڵی نەرویج ڕۆژی هەینی 9ی مانگی دە ڕایگەیاند خەڵاتەکەی بەخشیوە بە خاتوو پیڵەی بەهۆی دەیان ساڵ کارکردنی بۆ بەهێزکردنی دامەزراوە یاساییە نێودەوڵەتییەکان و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و جینۆساید.
یورگن ڤاتنێ فریدنس، سەرۆکی لیژنەی نۆبڵی نەرویج لەکاتی ڕاگەیاندنی براوەی خەڵاتەکەدا ڕایگەیاند خەڵاتی ئەمساڵ دەچێتە دەست کەسێک کە بە "ئازایەتی و دەستپاکییەکی ناوازە" ڕێگەی خۆشکردووە بۆ نەزمێکی یاسایی گشتگیرتر لە جیهاندا.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ناڤی پیڵەی ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جینۆساید.
ناڤی پیڵەی کێیە؟
ناڤانتێم پیڵەی ناسراو بە ناڤی پیڵەی، لە ساڵی 1941 لە شاری دوربان لە باشووری ئەفریقا لە خێزانێکی بە ڕەچەڵەک هیندی لەدایک بووە و لە سەردەمی ڕژێمی ئاپارتایددا دەستی بە کاری پیشەیی کردووە.
ئەو یەکێک بوو لە یەکەم ژنە غەیرە سپی پێستەکان کە لە باشووری ئەفریقا کاری یاسایی کرد و بە درێژایی ژیانی پیشەیی بەرگری لە نەیاران و دژبەرانی سیستەمی ئاپارتاید دەکرد، لەنێویاندا نیڵسۆن ماندێلا.
پیڵەی دوای کۆتایی هاتنی ئاپارتاید هاتە ناو دەسەڵاتی دادوەری ئەفریقای باشوورەوە و دواتر وەک دادوەر لە دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی بۆ ڕواندا کاری کردووە.
لە دادگاکەدا ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە داڕشتنی ئەو پێشینە یاساییانەی کە دەستدرێژی وەک تاوانێک دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید لە هەندێک بارودۆخدا ناساندبوو.
هەروەها پیڵەی دادوەر بووە لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان و لە ساڵی 2008 تا 2014 وەک کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کاری کردووە.
هەروەها پیڵەی وەک دادوەرێکی تایبەت بەشداری لە دۆسیەی جینۆسایدی دادگای نێودەوڵەتی دژی میانمار کردووە.
کۆمیتەی نۆبڵ بە ئاماژەدان بە پێشینەی خۆی ئاماژەی بەوەداوە کە کارەکانی ئەو پارێزەرە دەریخستووە کە میکانیزمە یاساییە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن ڕۆڵیان هەبێت لە ڕێگریکردن لە شەڕ و توندوتیژی و لە دابینکردنی دادپەروەری بۆ قوربانییەکان.
ئەمساڵ 287 کەس و ڕێکخراو بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی کاندید کران کە 208 کەسیان کاندیدی تاکەکەسی و 79 کەسیان کاندیدی ڕێکخراوەیی بوون.
خەڵاتی ئەمساڵ بە بەهای 12 ملیۆن کرۆنی سویدی کە دەکاتە نزیکەی یەک ملیۆن و 200 هەزار دۆلار، لە 10ی مانگی دوازدە لە مەراسیمێکدا لە ئۆسلۆ دەبەخشرێتە براوەی خەڵاتەکە.
خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئەمساڵ بەخشرایە ناڤی پیڵەی کۆمیساریای باڵای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ