Accessibility links

حکومەتی عێراق بەهای دیناری بەرامبەر بە دۆلار کەم کردەوە

بانکی ناوەندیی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لە ڕۆژی چوارشەممە 7ـی دەی 2026ـەوە گۆڕانکاری لە نرخی فەرمی دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکایی دەکرێت، ئەمەش لەسەر بنەمای بارودۆخی ئابووری و دارایی عێراق و ڕاسپاردەی ئەنجومەنی وەزیران.

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی و ئابووری سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی- بەتایبەتی ململانێ و گرژییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانیان لەسەر ڕێگای گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمز- دەتوانێت کاریگەری لەسەر داهاتی نەوت و بودجەی گشتی و ڕۆیشتنی دراوی بیانی هەبێت."

بە گوتەی مەزهەر محەمەد ساڵح، ئەو ڕێوشوێنە دارایی و باج و گومرگیانەی ئێستا لەلایەن حکومەتەوە جێبەجێ دەکرێن، ڕێوشوێنی "خۆپارێزی"ـن.

وتیشی، سیاسەتی دارایی حکومەتی عەلی زەیدی بە مەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی شۆکە دەرەکییەکانە لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی خەرجییەکانی حکومەت و داهات و باجەکانەوە.

بەپێی ئەو نرخە نوێیەی ئەمڕۆ ڕاگەیێندراوە، بانکی ناوەندی یەک دۆلار بە هەزار و 500 دینار لە وەزارەتی دارایی دەکڕێت و بە هەزار و 510 دینار بە بانکەکان دەیفرۆشێت و نرخی فرۆشتنی دۆلاریش بە هاووڵاتیان هەزار و 520 دینار دەبێت.

پێش ئەم بڕیاره، نرخی فرۆشتنی دۆلارێک به هاووڵاتیان به هه زار و 320 دینار بووه . بەپێی نرخە نوێیەکە بێت، دیناری عێراقی نزیکەی 13.2%ـی بەهاکەی بەرامبەر بە دۆلار لەدەست دەدات.

بانکی ناوەندی عێراق باس لەوە دەکات کە یەدەگی دراوی بیانی بە بڕی پێویست هەیە بۆ پڕکردنەوەی خواستەکان، لەوانەش پارەدارکردنی بازرگانی دەرەکی و بەکارهێنانی کارتی بانکی لە دەرەوەی وڵات و فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران.

سەبارەت بە کاریگەرییەکانی بڕیاری دابەزاندنی بەهای دینار لەسەر هاووڵاتیان، ساڵح وتی، "حکومەت بەردەوام دەبێت لە خەرجییەکانی بۆ خۆراک، دەرمان، سووتەمەنی، و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری بەرزبوونەوەی نرخ لەسەر توانای کڕینی هاووڵاتیان."

بڕیاری دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دژایەتی ئەندامانی پەرلەمانی عێراقی لێکەوتەوە. ژمارەیەک پەرلەمانتار بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە دەستیان بە کۆکردنەوەی واژۆ کرد و پەرلەمان کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی دواخست بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە.

سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق دوای گفتوگۆکان دانیشتنەکەی دواخست و هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، داوای کرد بەیانی پێنجشەممە پارێزگاری بانکی ناوەندی و وەزیری دارایی لەبەردەم پەرلەمان ئامادەبن بۆ ڕوونکردنەوە سەبارەت بە هۆکارەکانی پشت بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و لێکەوتە ئابووری و داراییەکانی.

هەروەها بڕیارەکە ناڕەزایی ڕای گشتیی لێکەوتەوە و بووە هۆی داخستنی هەندێک بازاڕ و دوکان و نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو لە بەغدا و چەند پارێزگایەک، بەتایبەت لە کاتێکدا کە ڕاپۆرتەکان ئاماژە دەکەن بەوەی نرخی دۆلار بە شێوەیەکی نافەرمی لە بازاڕەکاندا بۆ نزیکەی هەزار و 800 دینار بەرز بووەتەوە.

بەڵام بانکی ناوەندی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەستکاریکردنی بەهای دینار دەتوانێت پاڵپشتی بەرهەمی ناوخۆیی و پیشەسازی ناوخۆیی بکات، توانای کێبڕکێی بەرهەمە عێراقییەکان بەرز بکاتەوە، و هانی وەبەرهێنان لە کەرتە نانەوتییەکان بدات و هەلی کاری نوێ بڕەخسێنێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG