Accessibility links

ئۆکراینا هێرشە درۆنییەکەی سەر کەشتییەکی تورکیا دەخاتە ئەستۆی ڕووسیا

وەزارەتی ناوخۆی ڕۆمانیا ئەم وێنەیەی بڵاو کردووەتەوە، تێیدا ساتی گواستنەوەی سەرنیشینانی کەشتییەکە پێشان دەدات.
وەزارەتی ناوخۆی ڕۆمانیا ئەم وێنەیەی بڵاو کردووەتەوە، تێیدا ساتی گواستنەوەی سەرنیشینانی کەشتییەکە پێشان دەدات.

ڤلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراینا ڕووسیای تۆمەتبار کرد بەوەی لە ڕێگەی دوو درۆنەوە هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکی بازرگانیی تورکیا کە لە دەریای ڕەش گەنمەشامی دەگواستەوە.

دەستەڵاتدارانی ڕۆمانیا ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند تیمەکانی فریاگوزاری 11 کەسیان ڕزگار کردووە لەسەر کەشتییەک کە لە ئاوەکانی ڕۆمانیا گڕی گرتبوو. وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە لە بڵاوکراوەیەکدا گیانلەدەستدانی دوو سەرنیشینی کەشتییەکەی پشتڕاست کردەوە.

لەسەر ڕووداوەکە سەرۆکی ئۆکراینا ڕایگەیاند، "هێرشێکی ترسناک بوو لەلایەن دوو درۆنی ڕووسیاوە بۆ سەر کەشتییەکی مەدەنی."

زێلێنسکی ڕووسیای تۆمەتبار کرد بە "کردەی تیرۆر" لە ئاوەکانی ناوچەکەدا و داوای هاوکاریی نێودەوڵەتی کرد بۆ فشارخستنە سەر مۆسکۆ و پاراستنی ئاسایشی خۆراکی جیهانی.

هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، حکومەتی ڕووسیا هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەم ڕووداوە نەداوە.

شەڕی چوارساڵەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا کاریگەری کردووەتە سەر جوڵەی کەشتییەوانی لە ئاوەکانی ناوچەکەدا و بووەتە هۆی دروستکردنی بەربەست لەبەردەم گواستنەوەی بەرهەمەکانی دانەوێڵە و وزە، کە ئەمەش بووەتە هۆی بەرزکردنەوەی نرخی جیهانی دانەوێڵە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ کۆتایی مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا و ئۆکرانیا نزیکبوونەتەوە لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی سنوردار بۆ دابینکردنی ئاشایشی ڕێڕەوی دانەوێڵە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG