سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت درەنگ یان زوو کۆماری ئیسلامی ئێران دەڕوخێت و گەلی ئێرانیش ئازاد دەبێت.
بنیامین نەتانیاهۆ لە لێدوانێکیدا بۆ ئێرانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی وتی: "ئەم ڕژیمە دەڕوخێت، ڕەنگە کات بخایەنێت، بەڵام دەڕوخێت، ئێستا زۆر لاوازن، ئەو سزایانەی سەرۆک ترامپ سەپاندوونی، سوپای پاسداران بە توندی لاواز دەکەن، بۆیە پێتان دەڵێم، ئومێد لەدەست مەدەن، ڕۆژی ئازادیتان نزیکە."
نەتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی ڕایگەیاند کە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بە تایبەت بەریتانیا ڕەخنەیان لە ئیسرائیل گرتووە و لە هەمان کاتدا چاوپۆشی لە مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی کردووە.
ناتانیاهۆ لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ڕژێمی دەسەڵاتدار لە ئێران دەیان هەزار هاووڵاتیی خۆی کوشتووە و ئێستا ئابووری وڵاتانی ڕۆژئاوای خنکاندووە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بە هاوکاری ئەمەریکای هاوپەیمانی ڕووبەڕووی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەبێتەوە.
وتی "ئەگەر ئێران ئێستا خاوەنی چەکی ئەتۆمی بووایە، چی ڕوویدەدا؟ بیهێنە بەرچاوت کە ئێستا بەبێ چەکی ئەتۆمی چی دەکات؛ هێرش دەکاتە سەر هەموو ئەو کەسانەی کە بە لەمپەریان دەزانێت لە بەردەم خۆی و گوشار دەخاتە سەر جیهان".
نەتانیاهۆ لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە وڵاتێکی بچووکین کە لێرە، لە دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شەڕ دەکەین، نەک تەنیا بۆ بەرگریکردن لە خۆمان، بەڵکو بۆ پاراستنی دەوڵەتە عەرەبییە مۆدێرنەکانیش لە هەژموونی ئێران و گرووپ و هێزە چەکدارەکانی سەر بە ئێران.