Accessibility links

لە کۆڵبەرییەوە تا لەسێدارەدان؛ ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە دۆخی کورد و کەمایەتییەکان لە ئێران

مای ساتۆ، نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە دۆخی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینیەکانی ئێران، نیگەرانیی خۆی لە بەردەوامبوونی هەڵاواردن لە دژی کورد، بەلووچ، عەرەبی ئەهوازی، تورکی ئازەربایجان و تورکمان دەربڕیوە.

مای ساتۆ لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە ئەم جیاکاریی و هەڵاواردنە، سنووردارکردنی مافی زمان و بێبەشکردنی ئابووریی دەگرێتەوە تا دەگاتە لەناوبردنی ژینگە و پێشێلکردنی مافی زیندانیانی کورد و بەلووچ لە دۆسیە سیاسییەکاندا کە دواجار وا دەکات ڕووبەڕووی سزای قورس ببنەوە.

هەروەها ئاماژەی بە دۆخی کۆڵبەرانی کورد و فرۆشیارانی سووتەمەنی بەلووچی کردووە کە بۆ بژێوی ژیانیان پشتیان بە گواستنەوەی کەلوپەل و سووتەمەنی لە ناوچە سنوورییەکان بەستوە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە بەشێک لە بەلووچەکان تەنانەت لە هەبوونی ناسنامە بێبەشن، ئەمەش وایکردووە کە دەستڕاگەیشتنیان بە خوێندن و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و دامەزراندنی فەرمی سنووردار بێت.

نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها نیگەرانییەکانی لەبارەی دۆخی چەند زیندانییەکی کورد کە سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە، خستووەتە ڕوو و دەڵیت مەترسی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە، لەوانە یوسف ئەحمەدی، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی بانە کە دوای دەستبەسەرکردنی، ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی قورس بووەتەوە و لە چاودێری پزیشکیش بێبەش کراوە.

ڕاپۆرتەکە هەروەها نیگەرانی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە دۆخی سێ زیندانی دیکەی کورد بە ناوەکانی ڕەئوف شێخ مەعروف، محەمەد فەرەجی و موحسین ئیسلامخا کە لە پێوەند بە ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە دەڵیت ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدان و دانپێدانانی زۆرەملێ بوونەتەوە و لە دادگاییکردنی دادپەروەرانە بێبەش بوون.

مای ساتۆ هەروەها ئاماژەی بە دۆسیەی حاتەم ئۆزدەمیر، کوردی خەڵکی ئاگری باکوری کوردستان کردووە کە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە لە ڕێوشوێنە دادوەرییەکانی پێش دەرکردنی سزاکەی بێبەشکراوە و تەنانەت لەگەڵ ئەوەدا کە فارسی نەزانیوە، لە هەبوونی وەرگێڕ بێبەشکراوە.

لە کۆتاییدا مای ساتۆ هۆشداری داوە لەوەی کە هەڵاواردنی نەتەوەیی و ئایینی لە ئێران کاریگەری خستووەتە سەر پرۆسەی دەستگیرکردن و لێپرسینەوە و دادگاییکردن و دەرکردنی سزا، بەتایبەتی لەو حاڵەتانەی کە دەبنە هۆی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان.

This item is part of
XS
SM
MD
LG