Accessibility links

حکومەتی تورکیا دەڵێت بنکەی بەعشیقە-زێلکان ڕادەستی عێراق دەکاتەوە

وەزارەتی بەرگریی تورکیا ستایشی هەوڵەکانی ئەم دواییەی حکومەتی ناوەندی عێراقی کرد بۆ "دامەزراندنی دەستەڵاتی دەوڵەت" لە شنگال و ئامادەیی دەربڕی بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە بنکەی بەعشیقە-زێلکان.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، "پێشوازی لەو هەنگاوانە دەکەین کە حکومەتی ناوەندی عێراق لەم دواییانەدا بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە شنگال گرتوونیەتە بەر. ئێمە پێمان وایە ئەم هەنگاوانە یارمەتیدەر دەبن بۆ ئاساییکردنەوەی ناوچەکە و دروستکردنی ژینگەیەکی ئاسایش و سەقامگیر و ناوچەیەکی دوور لە تیرۆر."

وەزارەتەکە ئاماژە دەکات بەوەی تورکیا لەگەڵ عێراق ڕێککەوتووە بۆ زیادکردنی هاوکاریی سەربازی نێوانیان، سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر ڕادەستکردنی بنکەی سەربازی لە ناوچەی بەعشیقە.

بەرگریی تورکیا دەڵێت، "بنکەی بەعشیقە- زێلکان، کە لە ساڵی 2015ـەوە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی تورکیاوە لەسەر داوای دەسەڵاتدارانی عێراق وەک بەشێک لە شەڕی دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بەکاردێت، وردە وردە بە پێی میکانیزم و هێڵی کاتیی ڕێککەوتن-لەسەر-کراو ڕادەستی دەسەڵاتدارانی عێراق دەکرێت، لە چوارچێوەی ئەو پێشکەوتنانەی کە حکومەتی ناوەندی عێراق لە ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانی شەنگالدا بەدەستی هێناوە."

وەزارەتەکە هاوکاریی تورکیا بۆ عێراق دووپات دەکاتەوە و دەڵێت، "لە پەیوەندییەکانی داهاتوودا، پلانی ئەوە هەیە هەنگاو بنرێت بۆ ئەوەی هاوکاریی سەربازی و ئەمنی نێوان تورکیا و عێراق بۆ ئاستێکی زۆر بەرزتر پێش بخرێت. بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە دوو قۆڵییەکان لە بوارەکانی وەک زیادکردنی توانای سەربازی، هاوبەشکردنی ئەزموون/شارەزایی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ڕاهێنانی سەربازی و هاوکاری پیشەسازی بەرگری."

This item is part of
XS
SM
MD
LG