بەپێی ڕاپۆرتێکی تایبەتی ڕۆیتەرز، بەرپرسانی حکومەتی سوریا و حزبوڵڵای لوبنان لە مانگی نۆدا کۆبوونەوەیەکی نهێنییان لە تورکیا ئەنجامداوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوولا و تاوتوێکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکان.
ئەو دیدارە بەگوێرەی شەش سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە، یەکەم دیداری دیاری نێوان هەردوولا بووە. نوێنەرانی حزبوڵڵا و بەرپرسانی هەواڵگری و وەزارەتی دەرەوەی سوریا لانیکەم جارێک لەسەر بانگهێشتی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی تورکیا کۆبوونەتەوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە کۆبوونەوەکە تیشکی خستووەتە سەر چارەسەرکردنی خاڵە ناکۆکەکانی نێوان هەردوولا و بە باشی بەڕێوەچووە. یەکێک لە بەرپرسانی سوریا ڕایگەیاندووە هەردوولا لەسەر ئەوە کۆکن کە هیچ دوژمنایەتییەکیان بەرامبەر یەکتر نییە و سوریا دڵنیایی داوەتە حزبوڵڵا کە دەستوەردانی سەربازی بۆ چەککردنی گروپەکە لە لوبنان ناکات.
لە بەرامبەردا بەرپرسانی سوریا داوایان لە حزبوڵلا کردووە هاوکاری بکات بۆ ڕێگریکردن لە هەوڵەکانی قاچاخچێتی چەک لە سنوورەکان و هەڵوەشاندنەوەی شانەکانی گروپەکە کە ماونەتەوە، بەتایبەتی لە باشووری سوریا.
سەرچاوەیەکی لوبنانی نزیک لە حزبوڵڵا کە زانیاری ڕاستەوخۆی لەسەر ئەنجامی کۆبوونەوەکە هەبووە، ڕایگەیاندووە هەردوولا "پێشکەوتنی بەرچاویان لە پرسە ئەمنییەکان" بەدەستهێناوە.
بەڵام ئەو بەرپرسە سورییە ڕایگەیاند نوێنەرانی حزبوڵڵا ڕاستەوخۆ وەڵامی داواکاریی سووریایان نەداوەتەوە بۆ ڕاگرتنی قاچاخچێتی چەک و هەڵوەشاندنەوەی شانەکانی ئەو گرووپە لە سووریا، بەڵام بەڵێنیان داوە دەست لە کاروباری نێوخۆی سووریا وەرد نەدەن.
کۆبوونەوەکە دوای ئەوە هات کە گرژییەکانی نێوان حکوومەتی نوێی سوریا و حزبوڵڵا پەرەی سەندبوو. حزبوڵلا ساڵانێک بوو هێزێکی ناردبوو بۆ بەرگریکردن لە حکومەتی بەشار ئەسەد لە شەڕی ناوخۆی سوریادا. دوای ئەوەی ئەسەد لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024 لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، دیمەشق حزبوڵڵای بە گواستنەوەی چەک لە ڕێگەی سوریاوە تۆمەتبار کرد.
تورکیا پاڵپشتی بۆ ئەو کۆبوونەوەیە کردبوو. سێ سەرچاوە ڕایانگەیاندووە ئەنقەرە هاوپەیمانێکی سەرەکیی ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریا خوازیاری تێوەگلانی ڕاستەوخۆی هەوڵەکانی سەقامگیری سوریایە.
ئێران کە پاڵپشتی سەرەکی حزبوڵڵای لوبنانە، ڕاستەوخۆ لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە نەبوو. سەرچاوەیەکی ئەمنی لوبنان ڕایگەیاند حزبوڵڵا بە ئاگاداری ئێران بەشداری کۆبوونەوەکەیان کردووە، بەڵام تاران ناڕازییە لەوەی کە ڕاستەوخۆ ئامادەی دانوستانەکان نەبووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەنێوان هەردوولا نەکراوە و هیچ پلانێکیش نییە بۆ ئاشکراکردنی کۆبوونەوەکە.