Accessibility links

وەزارەتی دەرەوە بۆ VOA: کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا ڕەنگدانەوەی بەهێزبوونی ‌سوپای عێراق و پێشمەرگەیە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا خەختی کردەوە لە پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و ڕایگەیاند پرۆسەکە ڕەنگدانەوەی بەهێزبوونی توانای هێزە ئاسایشییەکانی عێراقە، لە نێوانیاندا هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەمەریکا هەنگاوی کشانەوەی هێزەکانی هەتا بەرواری 30ـی نۆ بەئەنجام دەگەیەنێت، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو کاتەدایە کە پێشتر ڕاگەیەندرابوو و لەلایەن هەردوولاوە دیاریکرابوو" بۆ کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش.

وتەبێژەکە هەروەها وتی، "ئەم هەنگاوە ڕەنگدانەوەی زیادبوونی توانای هێزە ئاسایشییەکانی عێراقە، لەنێوانیاندا هێزی پێشمەرگەی کورد، و ئاماژەیە بۆ ئەوەی عێراق و ئەمەریکا لاپەڕەیەکی گرنگیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانماندا هەڵداوەتەوە."

وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوە ستایشی کاری هاوبەشی لەگەڵ عێراق کرد بۆ لاوازکردنی تواناکانی داعش لە عێراق و سوریا و جیهاندا.

ڕاشیگەیاند، "ئەمەریکا پابەندە بە هاوبەشییەکی بەهێز و سودی هاوبەشی ئابووری و ئاسایشی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا."

حکومەتی عێراق بە بۆنەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان ڕایگەیاندووە کە لە بەیانییەوە و بۆ ماوەی چوار ڕۆژ پشوو و ئاهەنگگێران دەستپێدەکات بۆ پیرۆزکردنی "ڕۆژی سەروەری نیشتیمانی." لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتی بەرگری عێراق ئەمڕۆ ڕایگەیاند ئاهەنگەکانیان دەستپێکردووە.

بەڵام بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە چەند بۆنەی جیاوازدا نیگەرانییان لە ڕۆیشتنی سوپای ئەمەریکا نیشان داوە و دەڵێن کشانەوە بەبێ دابینکردنی توانای بەرگریی ئاسمانی دەبێتە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان بکەوێتە بەردەم مەترسی هەڕەشەکانی ئێران و گرووپە میلیشیاکانی عێراق کە نزیکن لە ئێران.

This item is part of
XS
SM
MD
LG