Accessibility links

کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا: وەزارەتی پێشمەرگە نیگەرانە و حکومەتی عێراق 4 ڕۆژ ئاهەنگ دەگێڕێت

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان نیگەرانی خۆی لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، "لە دۆخێکی وا ئاڵۆزی ناوچەییدا، بەبێ دابینکردنی هیچ سیستەمێکی بەرگری،" دەربڕی، لە کاتێکدا حکومەتی عێراق چوار ڕۆژ پشووی فەرمی ڕاگەیاند و دامودەزگاکانی ڕاسپارد بە ئاهەنگ گێران بۆ "ڕۆژی سەروەری."

وەزارەتی پێشمەرگە ڕۆژی دووشەممە لە لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، "کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق لە کاتێکی هەستیاردایە؛ بە تایبەت کە بارودۆخی ئاسایشی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیرە و پێویستی بە هۆشیاری و بڕیاردانی سیاسیی دروست هەیە، چونکە بەردەوامبوونی ناسەقامگیریی دۆخی ناوچەکە هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی ناوچەکە."

دەشڵت، "جێهێشتنی هەرێمی کوردستان لە لایەن ئەمەریكاوە لە دۆخێکی وا ئاڵۆزی ناوچەییدا، بەبێ دابینکردنی هیچ سیستەمێکی بەرگری مایەی نیگەرانییە."

وەزارەتی پێشمەرگە پێزانین بۆ ڕۆڵی هێزەکانی ئەمەریکا لە چەند ساڵی ڕابردوودا دەردەبڕێت و "سوپاسی زۆری ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەکات و ڕێز لە هاوکاری و پشتیوانیان دەگرێت کە لە ڕابردوودا بەرامبەر هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە پێشکەشیان کردووە."

ڕۆژی 30ـی ئەم مانگە هێزەکانی ئەمەریکا لەسەر خاکی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەکشێنەوە. ئەم کشانەوەیە دەرئەنجامی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی حکومەتی عێراق و ئەمەریکا و هاوپەیمانانە.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە فەرمی چوار ڕۆژ پشووی لە 30ـی نۆ بۆ 3ـی دە لە سەرانسەری عێراق ڕاگەیاند، بۆ ئاهەنگگێران بە بۆنەی "ڕۆژانی سەروەری کۆماری عێراق."

پێشتریش لە بەرواری 22ـی نۆی 2026 کۆمسیۆنی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق لە نوسراوێکدا داوای لە هەموو دەزگا سیاسی و میدیایی و ئەکادیمی و سەربازییەکان کردبوو لە سەرانسەری عێراق بە "شێوەیەکی شایستە" ئاهەنگ بۆ "ڕۆژی سەربەخۆیی نیشتیمانی" بگێڕن.

لە نوسراوەکەدا هاتووە کە ئەم ئاهەنگە گوزارشتە لە گەڕانەوەی تەواوەتی پرسی ئاسایشی عێراق بۆ هێزە ناوخۆییەکان و "یەکخستنی بڕیاری ئاسایشی و گەیشتن بە قۆناغی پشتبەستنی تەواو بە ناوخۆ لە بابەتی ئاسایشدا، بەبێ پشتبەستن بە لایەنی دەرەکی."

This item is part of
XS
SM
MD
LG