Accessibility links

فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی گەشتەکانی ئێرانیان ڕاگرت

ئەمڕۆ هەینی، 25ـی نۆی 2026، فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی گەشتەکانی ئێرانیان ڕاگرت، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمەریکا گەمارۆی خستە سەر چەندین هێڵی ئاسمانیی کۆماری ئیسلامی.

هاوکات، میدیا ناوخۆییەکانی عێراق بڵاویان کردەوە کە فڕۆکەخانەی نەجەف هەمان بڕیاری داوە، ئەمەش دوای ئەوەی فڕۆکەخانەی بەغدا ڕۆژی چوارشەممە گەشتەکانی ئێرانی ڕاگرت.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سەرەتای ئەم مانگە چەندین سزای فراوانی خستە سەر هێڵی ئاسمانیی ئێران، بە شێوەیەک 27 کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ئێران خرانە لیستی ڕەشەوە.

سزاکانی واشنتن لە چوارچێوەی چڕکردنەوەی گوشارەکانی سەر تارانن. ئەو فڕۆکەخانانەی پێوەی پابەند نەبن، مەترسییان دەکەوێتە سەر کە لە سیستەمی دۆلاری ئەمەریکایی بێبەش بکرێن.

ئیمارات، کە گەورەترین کۆڕێگەی فڕۆکەوانیی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تێدایە، ڕۆژی پێنجشەممە هەموو گەشتەکانی هێڵە ئاسمانییەکانی ئێرانی بۆ وادەیەکی نادیار ڕاگرت.

بە گوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، بەرپرسێکی ئێران هەڕەشەی کردووە لەوەی ئەگەر گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران ڕابگیرێن، ئەوا هیچ لایەنێکی دیکەش لە ناوچەکە گەشتی نابێت.

رۆژی 24ـی نۆ فڕۆکەیەک کە لە ئێرانەوە بەرەو دووشەنبەی پایتەخی تاجیکستان بەڕیکەوتبوو، ناچاربوو بگەڕێتەوە بۆ تاران دوای ئەوەی وڵاتی تورکمانستان ڕێگەی نەدا فڕۆکە ئێرانییەکە بە ئاسمانی وڵاتەکەیدا بفڕێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG