Accessibility links

سەرۆکی ئەمەریکا: ئێران لە بەردەم دوو بژاردەدایە

سەرۆکی ئەمەریکا لە وتارەکەی لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لە ئەگەرەکانی بەردەم ئێرانی کرد و وتی ئەو وڵاتە دوو بژاردەی لە بەردەمدایە.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی سێشەممە دووپاتکردەوە کە ئەو هەرگیز ڕێگە نادات ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت و وتی " بۆ ماوەی 51 ساڵە کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕژێمی توندڕەوی ئێران، لە ڕێگەی خوێن ڕشتن و کوشتاری بەکۆمەڵەوە حوکمڕانی کردووە." ترامپ ئەوەشی ئاشکراکرد کە پێشتر بژاردەی خستووەتە بەردەم ئێران کە دەستبەرداری بەرنامەی ئەتۆمی و پشتیوانیکردن لە تیرۆر بێت لە بەرامبەر کۆمەکی ئابوری و بوژاندنەوەی وڵاتیان و دروستکردنەوەی وڵاتێکی مەزن. وتیشی ئێران ئەو پێشنیازەی بە تەواوی ڕەتکردووەتەوە وئەوەش هەڵەیەکی گەورەیان بوو و ئەمەریکاش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەوی ئەنجام دا و لەشکری ئەمەریکا بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی لە ژێر شاخ و ناو ئەشکەوتەکاندا لەناوبرد.

پاشان سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند، لە ئیستادا ئێران دوو بژاردەی لەبەردەمدایە یان گەیشتن بە ڕێکەوتن و یان وێرانبووی زیاتری وڵاتەکەی.

باسی لە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس کرد کە لە مانگی یازدە ئەنجام دەدرێت و وتی ئەگەر ئێرانییەکان پێیان وایە شیانی هەبێت ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە کاریگەری لەسەر بڕیاری ئەمەریکا لە بەرامبەر ئێران هەبێت، ئەوا بە هەڵدا چوون و ئەو هەر سەرۆکی ئەمەریکا و ناهێڵێت ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی.

هەروەها هۆشداری بە وڵاتانی ئەوروپا دا کە ئێران موشەکی دروستکردبوو بگاتە ئەوروپا و ئەگەر سەرکەوتوو بووایە دەیتوانی بۆ هەمیشە تیرۆر بڵاوبکاتەوە.
دواتر ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە دەڵێن ئەمەریکا چەک و تەقەمەنی کەمبووەتەوە و وتی وڵاتەکەی هێندە چەک و تەقەمەنی هەیە کە مەزەندە ناکرێت و وتیشی لە ئێستادا ئەمەریکا بە ڕادەیەک چەک و تەقەمەنی دروستدەکات کە هەرگیز پێشتر بەو ئاستە نەبووە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG