Accessibility links

سعودییە دووبارە بۆڕییە نەوتییەکانی دەخاتەوە کار

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی هەواڵ بڵاویکردووەتەوە کە سعودییە بۆڕییە نەوتییەکانی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوای خستووەتەوە کار و ڕۆژی سێشەممە هەناردەی نەوتی لە بەندەری یەنبەعی بازرگانییەوە دەست پێ دەکاتەوە.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە ڕۆژی 13ی مانگی نۆ ئەو وڵاتە ناچار بوو کە هەناردەکردن لەو بۆڕییانەوە بوەستێنێت بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە.

شارەزایان دەڵێن کە دووبارە کارکردنی بەندەری یەنبەع و بۆڕیی نەوتیی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا کاریگەریی ئەرێنی لەسەر نرخی نەوت دەبێت.

لە دوای دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمەریکا-ئیسرائیل و ئێران و دروستبوونی کێشە لە گەرووی هورمز، وڵاتی سعودییە پەنای بۆ بەکارهێنانی بۆڕیی نەوتی برد.

پێشتر سعودییە ڕۆژانە نزیکەی 4 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد، کە زۆرترین ڕێژەی هەناردەی نەوتی خاو بوو لەسەر ئاستی وڵاتانی ئۆپیک. هەروەها، خوازیار بوو کە ئاستی هەناردەکردن لە ڕێگەی بۆڕییەکانەوە بەرز بکاتەوە بۆ هەمان ئاستی پێشتر. بەڵام حوسییەکانی یەمەن بۆڕییە نەوتییەکانی سعودییەیان کردە ئامانج و ئەوەش کێشەی بۆ ئەو وڵاتە و پێداویستییە نەوتییەکانی تەواوی جیهان دروست کرد.

سەرچاوەکانی هەواڵ بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە کە دووبارە بۆڕییەکان دەکەونەوە کار بۆ گواستنەوەی نەوتی خاوی سعودییە بۆ پاڵاوگەکانی ئارامکۆ لەسەر دەریای سوور. بەڵام بەرپرسانی ئارامکۆ ڕەتیان کردەوە کە لێدوان لەو بارەیەوە بدەن.

یەکێک لە سەرچاوە هەواڵییەکان گوتوویەتی کە ئەمڕۆ کەشتییەکی نەوتهەڵگر نەوتی خاو لە بەندەری یەنبەع بار دەبات و وا پێشبینی دەکرێت بارەکە بۆ چین بێت.

لە لایەکی دیکەوە دوو سەرچاوەی بازرگانی ئاماژەیان بەوە داوە کە بازرگانەکان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ گواستنەوەی نەوتی سعودییە لە ڕێگەی تانکەرەوە بۆ بەندەری سەعید و بەندەری سیدی کەریری میسڕی لەسەر دەریای سپیی ناوەڕاست.

هەر دوای ئەم گەشەسەندنانە نرخی نەوتی برێنت بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی و ئەمڕۆش بەردەوام بوو لە دابەزین و نزمترین نرخی لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا تۆمار کرد

This item is part of
XS
SM
MD
LG