هەرێمی کوردستانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە،21ی مانگی نۆ بە فەرمی کۆتاییهاتنی قۆناغی سەرەکی پڕۆسەی چەند ساڵەی یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی ڕاگەیاند.
بە پێی ئەم هەنگاوە، هێزی پێشمەرگە دوای ئەم یەکخستنەیە لە یەک چوارچێوەدا و لە ژێر فەرماندەیی وەزارەتی پێشمەرگە کار دەکات. لە مەراسیمی یەکخستنەکەدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگە و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و شۆروش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرسی سیاسی و سەربازی ئامادەبوون.
نێچیرڤان بارزانی یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی بە هەنگاوێکی گرنگ زانی بۆ دروستکردنی هێزێکی سەربازی نیشتمانی و جەختی لەوە کردەوە "پێشمەرگە هێزێکی حزبی نییە، بەڵکو هێزێکە سەر بە کوردستانە و سەر بە هیچ لایەنێکی سیاسی دیاریکراو نییە."
ڕاشیگەیاند هەرێمی کوردستان پێویستی بە یەک فەرماندەیی و یەک هێز و یەک وەزارەت هەیە و وتیشی بە جێبەجێکردنی ئەم یەکخستنە نوێیە، ئەو هێزانەی لە دەرەوەی چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە کار دەکەن، چیدیکە جێگەیان لە پێکهاتەی فەرمی ئەو هێزەدا نابێت.
هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم ڕووداوەی بە "رۆژێکی مێژوویی بۆ پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان" ناوبرد و ڕایگەیاند یەکخستنی هێزەکان بەڵێنێکی سەرەکی حکومەتی هەرێم بووە. جەختیشی لەوە کردەوە ئێستا هێزی پێشمەرگە لە یەک چوارچێوەدا کار دەکات.
مەسرور بارزانی هەروەها وتی پێشمەرگە دەبێت وەک هێزێکی نیشتمانی و کوردی بمێنێتەوە، لەدەرەوەی پەیوەندیی حزبی و بەرژەوەندی تاکەکەسی و هەرگیز نابێت لە ناکۆکی و ململانێی ناوخۆیی و حزبیدا تێوەبگلێت.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەش کۆتایی هاتنی پڕۆسەی یەکگرتنەکەی ڕاگەیاند و بە دەرئەنجامی ئیرادەی سیاسی و هاوکاری نێوان دامودەزگا جۆربەجۆرەکانی ناوچەکە ناوی برد. جەختیشی لەوە کردەوە کە پێکهاتە نوێیەکە پێویستە ڕێگە خۆش بکات بۆ پێکهێنانی هێزێکی یەکگرتوو و پیشەیی و نیشتمانی و وتیشی قۆناغی داهاتووی چاکسازییەکان بریتی دەبێت لە ڕاهێنانی زیاتر و دابینکردنی ئامێر و بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری پێشمەرگە.
بەپێی ئەم هەیکەلە نوێیە، یەکەکانی 70 و 80 کە لە ساڵانی ڕابردوودا سەر بە یەکێتی و پارتی بوون، لەژێر دوو فەرماندەیی سەربازیی نوێی بە ناوەکانی دەڤەری1 و دەڤەری 2 لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا کار دەکەن و سەر بە هیچ حزبێک نامێنن.
جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەم پێشهاتەی بە "رۆژێکی مێژوویی" ناو برد و ڕایگەیاند یەکگرتن کۆتایی چاکسازی نییە، بەڵکو سەرەتای قۆناغێکی نوێیە. جەختیشی لەوە کردەوە لە ئێستا بەدواوە دەبێت هەموو هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر فەرماندەیی وەزارەتی پێشمەرگەدا بن و پابەندی یاسا و ڕێنماییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بن.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی بە خاڵی وەرچەرخان لە پڕۆسەی چاکسازییە ئەمنییەکان لە هەرێم زانی.ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەم پرۆسەیە لە ساڵی 2016 دەستی پێکردووە، جەختی لەوە کردەوە کە گواستنەوەی هێزەکان لە یەکەکانی 70و 80 بۆ وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوێکی گرنگە بۆ دروستکردنی هێزێکی یەکگرتوو و پیشەیی لەسەر بنەمای دامەزراوە فەرمییەکان.
پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە زیاتر لە دە ساڵە بەردەوامە و هەوڵی سەرەتایی بۆ یەکخستنی هێزەکان لە ساڵی 2010-2013 دەستی پێکرد، بەڵام ناکۆکی سیاسی و پێشهاتە ئەمنییەکان، لەوانە سەرهەڵدانی داعش لە ساڵی 2014 و ڕووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017، ڕێگریان لە پرۆسەی چاکسازی کردووە. لە ساڵی 2018 بە هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پلانێک بۆ چاکسازی لە هەیکەلی وەزارەتی پێشمەرگە داڕێژرا و قۆناغێکی نوێی جێبەجێکردنی لە ساڵی 2022 دەستی پێکرد.
سەرەڕای گرنگی سیاسی و سەربازی ئەم پێشهاتە، ڕاگەیاندنی کۆتایی پڕۆسەی یەکگرتنی هێزەکان بە تەنیا بە مانای چارەسەری هەموو کێشەکانی هێزی پێشمەرگە نییە. ڕەخنەگرانی ئەم پرۆسەیە پێیان وایە لەمەودوا کێشەی سەرەکی گۆڕینی ناوی یەکەکان و دروستکردنی فەرماندەیی نوێ نییە، بەڵکو گواستنەوەی ڕاستەقینەی دەسەڵاتی سەربازییە لە پێکهاتە حزبییەکانەوە بۆ دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان.
هەروەها هەندێک لە شرۆڤەکاران هۆشداری دەدەن کە گۆڕینی هەیکەلی ئیداری و فەرماندەیی مەرج نییە بە مانای کۆتایی هاتنی نفوزی سیاسی بەسەر هێزی پێشمەرگەدا بێت و ڕەنگە هێشتا بەشێک لەو کاریگەرییە لە ئاستە جیاجیاکانی فەرماندەیی و بڕیارداندا بمێنێتەوە.