Accessibility links

11 سەربازی سوریا لە تەقینەوەیەکدا لە دێرەزور کوژران

وەزارەتی بەرگری سوریا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند 11 سەربازی وڵاتەکەی لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە بنکەیەکی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا کوژران.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی سانا بڵاویکردەوە، تەقینەوەکە ڕۆژی هەینی لە پارێزگای دێرەزور ڕوویداوە، بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی دیاری بکات. هەروەها وەزارەتی بەرگری هیچ وردەکارییەکی سەبارەت بە هۆکاری تەقینەوەکە نەخستە ڕوو.

سانا بڵاویکردەوە، تەرمی سەربازە کوژراوەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی نیشتمانی دێرەزور.

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی بەرگری سوریا ڕایگەیاند ڕووداوەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.

لەم دواییانەدا چەندین تەقینەوەی هاوشێوە لە سەرانسەری سوریادا ڕوویان داوە. بۆ نموونە، سەرەتای ئەم مانگە تەقینەوەیەک لە کۆگایەکی چەک لە باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەدا ڕووی دا و بووە هۆی کوژرانی 14 کەس.

شایانی باسە، بەشێکی زۆری پارێزگای دێرەزور تا سەرەتای ئەمساڵ لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی هەسەدە دابوو. بەڵام دوای پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی ئەحمەد شەرع، ئەو ناوچەیە - لەگەڵ زۆربەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا- کەوتە ژێر دەسەڵاتی دیمەشق.

This item is part of
XS
SM
MD
LG