Accessibility links

هێرش کرایە سەر کەشتییەکی نەوت لە گەرووی هورمز و ناڕوونی لە بازاڕەکانی وزە بەردەوامە

ڕێکخراوێکی چاودێری ئاسایشی دەریایی ڕایگەیاند کە ڕۆژی هەینی هێرش کراوەتە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز، لە کاتێکدا نادڵنیایی لە بازاڕەکانی وزە بەهۆی ململانێی پەیوەست بە ئێرانەوە بەردەوامە.

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان ئەمڕۆ هەینی کەمێک دابەزی، بە جۆرێک بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە 102 دۆلار مامەڵەی پێوە کرا. هاوکات نرخی بەرمیلێک نەوتی وێست تەکساس ئینتەرمیدیەیت بۆ خوار 100 دۆلار دابەزی، دوای ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە بەڕێژەی 3% بەرزبووەوە.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاندووە نزیکبووەتەوە لە ساتێکی گرینگی ململانێی ئێران و پرسی ئەگەری دەستپێکردنەوەی کردە سەربازییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی.

ڕێکخراوی چاودێری ئاسایشی دەریایی بەریتانیا (UKMTO) ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند کەشتییەکی نەناسراو لەلایەن موشەکێکی نەناسراوەوە پێکراوە. هێرشەکە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لەناو کەشتییەکەدا.

گروپەکە ڕایگەیاندووە کە هەموو ئەندامانی ناو کەشتییەکە سەلامەتن، وە کاریگەرییەکانی ژینگە لە ئێستادا پشتڕاست نەکراوەتەوە.

ئەمە دووەم هێرشە بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان کە لە ماوەی سێ ڕۆژدا لەلایەن UKMTO پشتڕاستکراونەتەوە.

ڕێکخراوی دەریایی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند کە لانیکەم 80 هێرش لە دژی بازرگانی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز و دەوروبەری ئەنجامدراون و لە دوای هەڵگیرسانی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە 28ـی دووەوە، لانیکەم 22 دەریاوان کوژراون.

This item is part of
XS
SM
MD
LG