بۆ یەکەم جارە لە ماوەی سەدەیەکدا، توێژەران دەڵێن جۆرێکی تازەیان لە پشیلەی کێوی دەستنیشان کردووە کە پێشتر لای زانست نەزانراو بووە.
پشیلەکە لە ناوچەی یونگاسی بۆلیڤیا دەستنیشان کراوە، کە ناوچەیەکی شاخاوییە و دارستانەکانی بە هەور داپۆشراون و رێژەی شێ تێیاندا یەکجار بەرزە.
خەڵکی ناوچەکە بەو پشیلەیە دەڵێن 'تیلکایۆ'، نزیکەی 46 سانتیمەتر درێژە و کێشی نزیکەی 1.4 کیلۆگرامە، واتە لە پشیلەیەکی ماڵی بچووکترە.
پشیلەکە سەر بە گرووپی پشیلە پڵنگییەکانە کە لە سەرتاسەری کیشوەری ئەمەریکای باشور دەژین. توێژەران داتای جینییان بەکارهێناوە بۆ پشتراستکردنەوەی ئەوەی کە ئەم پشیلەیە جۆرێکی نوێیە؛ ناوی زانستیان بە زمانی لاتینی لێنا کە لیۆپاردەس تیلکایۆیە، واتە ناوە خۆماڵییەکەشیان هێشتووەتەوە.
پاولا نۆگالیس ئەسکارنوز، گەڕۆکێکی ناشنەڵ جیوگرافیکە و یەکێکە لە نوسەرانی توێژینەوەکە، دەڵێت "مووەکەی قاوەییەکی کاڵە و پەڵەی قەبارە جیاواز بە هەموو لەشیەوە هەیە."
توێژینەوەکە رۆژی پێنجشەممە لە گۆڤاری کەرنت بایۆلۆجی بڵاوکراوەتەوە.
زانیاری زۆر کەم لەبارەی بایۆلۆجیای پشیلەکە و شێوازی ژیانکردنی هەیە. پاشماوەی قرتێنەری بچووک لە پاشەڕۆی پشیلەکەدا دۆزراونەتەوە، کە ئاماژەن بەوەی کە ئەو ئاژەڵە بچووکانە دەخوات. هەروەها بەڵگەی کامێراکانی چاودێریی دەریدەخەن کە پێدەچێت زیاتر لە شەودا چالاک بێت.
پێشتر وەها دەزانرا کە پشیلە پڵنگییەکان تەنها یەک جۆر بن، بەڵام چەند دەیەیەک لەمەوبەر توێژینەوەکان دەریانخست کە چەندین جۆر لەخۆ دەگرن.