Accessibility links

خەڵکی ڕۆژهەڵات بە مانگرتنی سەرتاسەری وەڵامی داواکاری هاوپەیمانی هێزە سیاسیەکانی دایەوە

لە چوارهەمین ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینیدا, لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی گشتی ئەنجام درا و خەڵکی دوکان و بازاڕەکانیان داخست، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ داواکاریەکی سێ ڕۆژ بەر لە ئێستای هاوپەیمانی هێزە سیاسیەکانی ئێران دێت کە داوای هەڵوێستی بەرەنگاری دژی ڕژێمی ئێرانیان کردبوو.

ئەمڕۆ 16ـی مانگی نۆ، هاوکاتە لەگەڵ چوارەمین ساڵیادی گیانلەدەستدانە گوماناوییەکەی ژینا ئەمینی.

ڕێکخراوەکانی چاودێری مافی مرۆڤی ئێران دەڵێن وێڕای ئەوەی بەهۆی هەڵوێستە سەرکوتکاریەکانی ئێرانەوە خەڵكی هیچ خۆپیشاندانێکیان ئەنجام نەداوە، بەڵام بە مانگرتنی گشتی ناڕەزایەتی خۆیان سەبارەت بە دەسەڵاتی سیاسی نیشان دا.

هەڵویستی خەڵک دوای ئەوە دێت، هاوپەیمانی هێزە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران سێ ڕۆژ بەر لە ئێستا لە بەیاننامەیەکدا داوایانکرد، "خەڵکی ڕۆژهەڵات لەم ڕۆژەدا وەڵامی کۆماری ئیسلامی بە مانگرتنی سەرتاسەری بدەنەوە، لە پای خوڵقاندنی قەیرانی ئەمنی و ئابوری و خراپی دۆخی خەڵکدا."

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، مانگرتن لە 11 شاری ڕۆژهەڵات ئەنجام دراوە و لەسەدا 50 بۆ 70ـی خەڵک وەڵامی داواکاریەکەی هێزە کوردیەکانی داوەتەوە. "ئەمە لە کاتێکدایە، ڕژێمی ئێران هێزی زۆری لە شارە کوردیەکان بڵاوە پێکردووە و هەوڵی سەرکوتکردنی خەڵکی داوە."

هاوکات لە بەیاننامەیەکی ڕێکخراوی هانا بۆ مافی مرۆڤدا هاتووە، "مانگرتنی ئەمساڵ لە دۆخێکدا بەڕێوەچوو کە لە ڕۆژانی نزیک لە 25ـی خەرمانان گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکان و ئیدارەی ئەماکن لە سەر دوکانداران و کاسبکاران چڕ کرابووەوە." بە گوێرەی زانیارییەکانی هانا، ژمارەیەک لە کاسبکاران ڕووبەڕووی هەڕەشەی داخستنی شوێنی کار، هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی کار و سزا بوونەتەوە.

هەروەها ڕێکخراوەکە دەڵێت، "سەرەڕای ئەم فشارانە، نەریتی مانگرتنی گشتی، کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بووەتە فۆرمێکی ناسراوی ناڕەزایەتی مەدەنی لە کوردستان، جارێکی دیکە بەردەوام بوو و ژمارەیەکی بەرچاو لە بازرگانانی شارە جیاجیاکان دوکان و شوێنە بازرگانییەکانیان داخستووە."

ژینا ئەمینی خەڵکی شاری سەقز، چوار ساڵ بەر لە ئێستا بە بیانووی نەپۆشینی حیجاب لەلایەن پۆلیسی ئاکاری ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و لە کەشێکی گوماناویدا گیانی لەدەست دا.

ئەم ڕووداوە زۆرترین کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکی بەدوای خۆیدا هێنا. لە ناوخۆی ئێران خۆپیشاندان سەرجەم شارە کوردیەکان و شارەکانی ئێرانی بە تارانی پایتەختیشەوە گرتەوە و لە ئەنجامدا نزیکەی 550 کەس بە دەستی هێزە ئەمنییەکان کوژران. وێڕای ئەوەی ئەم بزووتنەوەیە بووە جوڵانەوەیەکی نێودەوڵەتی و لە هەموو وڵاتانی دونیا پشتگیری کرا، بەڵام ئێران بەشێوەیەکی سەرکوتکاری کۆتایی بە نارەزایەتیەکانی ناوخۆی وڵاتەکە هێنا.

This item is part of
XS
SM
MD
LG