Accessibility links

زانایان دەڵێن دڵی مرۆڤ دوای جەڵدە دەتوانێت ماسولکە دروست بکاتەوە

توێژەرانی بواری دڵی مرۆڤ لە ئوسترالیا بۆیان دەرکەوتووە کە دڵی مرۆڤ دوای جەڵدە توانای دووبارە دروستکردنەوەی خانەی ماسولکەی هەیە.

زانایان دەڵێن ئەمە هیوا دروست دەکات کە لە داهاتوودا بتوانرێت چارەسەری پێویست بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی دڵ خێراتر ماسولکە بونیاد بنێتەوە.

توێژەرانی بواری دڵی مرۆڤ لە زانکۆی سیدنی و پەیمانگای بایەرد و نەخۆشخانەی شاهانەیی شازادە ئەلفرێد دروستبوونەوەی خانەی ماسولکەیی نوێی دڵیان لە نزیک ئەو شانە زیانلێکەوتوانە دۆزیوەتەوە کە بەهۆی جەڵدەی دڵەوە زیانیان پێگەیشتبوو.

جەڵتەی دڵ کاتێک دروست دەبێت کە خوێنبەرێکی شانەکانی دڵ دەگیرێت و خوێن ناگات بەو خانە ماسولکەییانەی دڵ، ئەمەش دەبێتە هۆی مردنی ئەو خانانە، بەمەش شانە زیانپێگەیشتووەکان شوێنبرینی هەمیشەیی لە دڵدا جێدەهێڵن.

توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە هەندێک لەو خانە ماسولکەکانی دڵ کە دوای جەڵدە بە زیندوویی ماونەتەوە، دەستدەکەن بە دابەشبوون لە پرۆسەیەکەدا کە ناسراوە بە مایتۆسس.

بەڵام ئەم پرۆسەیە زۆر خاوە، لەبەرئەوە فریاناکەوێت جێگەی خانە لەدەستچووەکان بگرێتەوە و لە کۆتاییدا دەبێت هۆی شکستی دڵ.

ئێستا تیمی توێژینەوەکە خەریکی لێکۆڵینەوەی ئەو پرۆتینانەن کە لەم پرۆسەیەدا بەشدارن، بە هیوای ئەوەی لە داهاتوودا چارەسەرەکان بتوانن ئەم پرۆتینانە چالاک بکەن و دابەشبوونی خانەکان خێراتر بکەن. زانایان دەڵێن ئەمە دەتوانێت یارمەتی دروستکردنەوەی ماسولکەی بەهێزتری دڵ و باشترکردنی توانای پاڵنانی خوێن بدات.

This item is part of
XS
SM
MD
LG