Accessibility links

ئەحمەد شەرع: دوای هەڵگرتنی سزاکان وەبەرهێنان دەگەڕێتەوە بۆ سوریا

سەرۆکی سوریا ئەحمەد شەرع ڕۆژی سێشەممە لە لوتکەی میدیایی عەرەبی لە دوبەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریای بە دەرفەتی "دووبارە لەدایکبوونەوەی" وڵاتەکەی ناوبرد.

ئەحمەد شەرع ستایشی نێوەندگیری شازادەی جێنیشینی سعودیە و سەرۆکی تورکیای کرد بۆ نێوەندگیری لەگەڵ سەرۆک دۆناڵد ترامپ بۆ "بڕیارە مێژووییەکەی" بە هەڵگرتنی سزاکان لەسەر سوریا.

سەرۆکی سوریا ڕایگەیاند وڵاتەکەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی سزای زۆر بووەتەوە "بە شێوەیەک ڕەنگە هیچ وڵاتێکی تر بەو ئەندازەیە گەمارۆی نەخرابێتە سەر، مەگەر کۆریای باکور بەو ئەندازەیە بووبێت"

ڕاشیگەیاند، "لە ڕێگەی ئەو نێوەندگیرییەی شازادە محەمەد بن سەلمان و سەرۆک ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆک ترامپ ئەنجامیان دا، بڕیارێکی مێژوویی درا و سزاکانی سەر سوریا هەڵگیران. من باوەڕم وایە دوای هەڵگرتنی سزاکان سوریا دووبارە لەدایکبووەوە و ڕێگاکە لەبەردەمیدا کرایەوە. ئەوەی ئێستا ماوەتەوە بریتییە لە سیاسەت و ڕێکارەکان و هەڵبژاردنی ڕاست و دروست".

دیمەشق لە ئێستادا بەدوای وەبەرهێنانی بیانیدا دەگەڕێت بۆ پاڵپشتیکردنی ئابوورییەک کە لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا بەهۆی شەڕ و ململانێکانەوە وێران بووە.

لە چەند مانگی ڕابردوودا بە ملیاران دۆلار گرێبەست و یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ وەبەرهێنەرانی دەرەوە واژۆ کراون، لەوانە کۆمپانیاکانی سعودیە و قەتەر و ئیمارات و هەروەها کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان.

ئەمەریکا 24ىی مانگی ڕابردوو سوریای لە لیستی وڵاتانی پشتیوانی تیرۆر دەرهێنا کە دیمەشق دەڵێت بەربەستی سەرەکی بوو بۆ وەبەرهێنەران لەو وڵاتەدا.

This item is part of
XS
SM
MD
LG