پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) ئەمڕۆ سێشەممە سەرکۆنەی هەڵمەتێکی دەستەڵاتدارانی تورکیای کرد بە دەستگیرکردنی زیاتر لە 150 کەس پەیوەست بە داکۆکی لە مافی ئەندامانی کۆمەڵی پەلکەزێڕینە.
هەڵمەتی دەستگیرکردنی داکۆکیکاران و ئەندامانی کۆمەڵی ئێڵ جی بی تی کیو (پەلکەزێڕینە) لە تورکیا چەند ڕۆژێکە بەردەوامە. دەم پارتی دەڵێت لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا دەستەڵاتدارانی تورکیا ئەکاونتی سۆشیال میدیای چەندین کەسیان لە بەرگریکارانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووسان، نووسەران و کەسانی ئەکادیمی بلۆک کردووە.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، دەستەڵاتدارانی تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە لانیکەم 150 کەسیان لە بەردەم دادگای چاغڵەیان لە ئیستەنبوڵ دەستگرکرد، کاتێک پۆلیس هەڵیکوتایە سەر کۆمەڵێک کەس کە هەوڵی خۆپیشاندانیان دەدا دژی هەڵمەتەکانی سەر کۆمەڵی پەلکەزێڕینە.
پارتی دەم سەبارەت بەم هەڵمەتی دەستگیرکردنانە دەڵێت، "جارێکی تر بیری دەستەڵاتدارانی دەخەینەوە: بەڕێوەبردنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک بە لێدوان لەسەر ئاشتی لە لایەک و بەرتەسککردنەوەی فەزای دیموکراسی لە لایەکی ترەوە، ناتوانێت لە چاوی کۆمەڵگادا متمانە دروست بکات."
دەم پارتی جەختی کردەوە، "زمانی ئاشتی ناتوانێت هاوشانی پەیڕەوی سەرکوتکردن بوەستێت."
وەزیری دادی تورکیا، ئاکین گورلەک، ڕایگەیاند لە چەند ڕۆژی رابردوودا دەستەڵاتدارانی تورکیا هەڵمەتێکیان لەژێر ناوی "خێزانەکەم پارێزراوە" دەستپێکردووە، تێیدا لە 15 شاردا 162 کەس دەستگیر کراون و 13 ڕێکخراو و کۆمەڵە داخراون.
مێرتجان تیتز، هاوسەرۆکی پارتی دامەزراندنەوەی سۆسیالیستی (SYKP)، یەکێکە لە دەستگیرکراوەکان کە هاوبەشێکی سیاسی دەم پارتییە.
حکومەتی تورکیا دەڵێت پرۆسەکە بۆ پاراستنی منداڵان و خێزان و نەریتی گشتییە، بەڵام ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان دەڵێن درێژکراوەی سیاسەتی حکومەتی ئەردۆغانە بە کپکردنی دەنگە جیاوازەکان.