Accessibility links

ئەمەریکا ڕاستەوخۆ بەشداری لە ئاڵۆزییەکانی یەمەندا ناکات

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا و جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕەتیان کردەوە کە ئەمەریکا بەشداری لە جەنگی نێوان سعودییە و حوسییەکانی یەمەندا بکات لە کاتێکدا ئاڵۆزییەکان لەسەر سنوورەکانی یەمەن و سعودییە پەرەیان سەندووە.

ڕۆژی دووشەممە جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە لەگەڵ وڵاتانی سعودییە و ئیمارات پەیوەندیی بەردەوامیان هەیە و هەروەها پشتڕاستی کردەوە کە گفتوگۆی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ حوسییەکانی یەمەن هەیە.

ڤانس گوتی ''گفتوگۆی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ حوسییەکان هەیە. لە ڕاستیدا هەست دەکەین کە کۆنتڕۆڵی تەواوەتیمان بەسەر بارودۆخەکەدا هەیە.''

لە کاتی سەردانەکەشیدا بۆ ئێرلەندا سەرۆک ترامپ گوتی ''حوسییەکان پەیوەندییان پێوە کردووین و گوتوویانە کە نایانەوێت شەڕ لەگەڵ ئێمە بکەن. بە ئێمەیان گوت کە خوازیاری شەڕ نین لەگەڵ ئێمە.''

هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا گوتی کە حوسییەکان بەڵێنیان داوە کە هیچ ئاستەنگێک بۆ هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان دروست نەکەن جگە لە کەشتیی وڵاتێک. بۆ ئەمەش لە هەوڵدان کە بابەتەکە بە تەواوی سەر ڕاست بکەنەوە.

پێشتریش ئەسیۆس ڕایگەیاندبوو کە محەمەد بن سەلمان پەیوەندی بە سەرۆک ترامپەوە کردووە بۆ هاوکاری و پاڵپشتیی ئاسمانی. بەڵام دۆناڵد ترامپ ڕەتی کردۆتەوە کە بەشداریی ڕاستەوخۆی ئۆپەراسیۆنەکان لە دژی حوسییەکان بکات.

ئەمە لە کاتێکدایە کە گوتەبێژی حوسییەکانی یەمەن یەحیا سەریع هەڕەشەی لە سعودییە کرد و بەڵێنی تۆڵەی لە بەرانبەر بۆردومانەکان دا. لە بەرانبەردا گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی سعودییە تورکی ئەلمالیکی بەڵێنی دا بە توندترین شێوە لە حوسییەکان بدەن.

لە لایەکی دیکەوە، وڵاتانی سعودییە و تورکیا و پاکستان لە مانگی هەشتدا ڕێککەوتنی مەککەیان واژۆ کرد کە تێیدا بەڵێنی هاوکاریی سێ لایەنە دەدات لە ئەگەری هێرش بۆ سەر هەر کام لەم وڵاتانە. بەڵام هەتا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی پاکستان و تورکیا لە بەرانبەر هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر سعودییە نابینرێت.

شایەنی باسە لە ئێستادا حوسییەکان لە ڕیزی گرووپە چەکدارە تیرۆرستییە بیانییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادان.

This item is part of
XS
SM
MD
LG