فیلمی "کەمێک ڕووناکی" لە نووسین و دەرهێنانی عەلی عەسگەری، یەکەمین فیلمی ئێرانییە لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ڤێنیزدا بەشداری بکات و کێبڕکێ لەسەر خەڵاتی بەناوبانگی "شێری زێڕین" بکات.
فیلمەکە لە لە فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنیز نمایشکرا، چیرۆکی پزیشکێک دەگێڕێتەوە کە دوای دەستگیرکردن و قەدەغەکردنی لە درێژەدان بە چالاکییە پیشەییەکانی، لە لێواری کۆتاییهێنان بە ژیانی خۆیدا دەبێت، بەڵام لە ڕۆژانی کۆتایی ژیانیدا و کاتێک سەردانی ئەندامانی خێزانەکەی دەکات، هۆکارێکی نوێ بۆ بەردەوامبوون دەدۆزێتەوە.
فیلمی کەمێک ڕووناکی لە گوشارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئێران دەڕوانێت و بابەتگەلێکی وەک سەرکوتکردن، شەڕ، ناسەقامگیری و کاریگەریی دووبارەبوونەوەی ڕووداوە تاڵەکان لەسەر کۆمەڵگا نیشان دەدات.
عەلی عەسگەری دەرهێنەری فیلمەکە، سینەما بە جۆرێک لە بەرخۆدان و بەرنگاربوونەوە دەزانێت و دەڵێت زیادبوونی فشار و قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران، بووەتە یەکێک لە سەرچاوەکانی ئیلهامبەخشی ئەو بۆ فیلمسازی.
عەلی ئەسگەری لە ساڵی 1982 لە تاران لە دایکبووە و کەسایەتییەکی ناسراوی سینەمای ئێرانە. تا ئێستا بۆ 183 خەڵات پاڵێوراوە و 95 خەڵاتی بەدەستهێناوە.
فیلمی کەمێک ڕووناکی؛ چیرۆکی سەرکوتکردن و بەرخۆدان لە فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنیز