هەناردەکردنی نەوتی ئێران بەرەو نەمان دەچێت، لە دوای گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا و ڕێگریکردن لە تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە کەنداوی فارسدا و عەمباری ناودەریایی کە دەدرێتە چین لە کەمبوونەوەدایە، ئەمەش فشاری زیاتری خستووەتە سەر ئابوورییە کووتراوەکەی ئێران.
ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ ڕاپۆرتێکی تایبەتی بڵاوکردووەتەوە لەبارەی فرۆشی نەوتی ئێران و ئابووری ئەو وڵاتە و لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە بەگوێرەی کپلێر، کە شوێنزانیی کەشتییەکان بڵاودەکاتەوە، لە ناوەڕاستی مانگی حەوتەوە و لەوکاتەوەی هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا گەمارۆی ئاوییان سەپاندووە، هیچ نەوتێکی خاوی ئێران هەناردە نەکراوە.
ئێران هێشتا بەردەوامە لە بارکردنی بڕی کەمی نەوت بۆ ناو تەنکەرەکان، بەڵام ئەو کەشتییانە هێشتا لە کەنداو گیریانخواردووە.
بەگوێرەی کپلێر، لە هەمان کاتدا قەبارەی نەوتی ئێران کە لەناو کەشتیدان و لەدەرەوەی گەمارۆکەن، تاوەکو ئێستا داهات بۆ تاران دابین دەکەن.
پێش مانگی حەوت ئەو بڕە 90 ملیۆن بەرمیل بوو، لەوکاتەوە ئەو بڕە کەمبووەتەوە بۆ نزیکەی 29 ملیۆن بەرمیل و مانگی داهاتوو ئەویش تەواودەبێت.
بەرپرسانی نەوت لە کەنداو، کە ئاگاداری ئەوەن کڕیارەکانیان چی دەکڕن تاوەکو نرخی مانگانە دیاری بکەن، دەڵێن کە زۆر کەم باری ئێرانییان دیوە دەستاودەست بکات.
دوای شەش مانگ لە بەرپابوونی جەنگەکە، ئەو گوشارە ئێرانی بێبەشکردووە لە سەرچاوەی سەرەکی دەستکەوتنی دراوی بیانی لە کاتێکدا کە بەهای تمەنی ئێرانی هاڕەیکردووە، هەڵئاوسان زیادیکردووە و ئابووری ئەو وڵاتە کەوتووەتە قەیرانەوە.
ئەمەش وەک تاقیکردنەوەیەکە بۆ واشنتن کە گرەوی لەسەر ئەوەکردووە کە ئازاریی ئابووریی زیاتر، ئێران ناچاری ملدان دەکات.
بەرپرسانی کەنداو و شیکارکاران هۆشداریی دەدەن کە توندکردنی مەنگەنەکە دەکرێت کاریگەریی پێچەوانەی هەبێت و ئێران تۆڵەی زیاتر بکاتەوە.
رۆژی شەممە، ئەمەریکا لە سێ کەشتی نەوتهەڵگری ئێرانی دا پاش ئەوەی ئێران موشەکی بالیستی گرتە دوو کەشتیی هێزی دەریایی ئەمەریکا، کە یەکێکیان فڕۆکەهەڵگربوو.
حەمەد حوسەین، ئابوریناس لە کۆمپانیای کاپیتەڵ ئیکۆنۆمیکس دەڵێت "لە ئێستا دا، زۆر شت بەندە لەسەر بڕی ئازاری ئابووریی کە رژێمی ئێران ئامادەیە بەرگەی بگرێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سەربازی و جیۆپۆلێتیکییەکانی."
بە نزیکەیی سێ یەکی بودجەی دەوڵەتیی ئێران بەندە لەسەر داهاتی نەوت.
فرۆشتنی نەوت راستەوخۆ یارمەتی دابینکردنی دارایی هێزە سەربازییەکانی ڕژێمەکە دەدات. وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا دەڵێت کە هێزە چەکدارەکانی ئێران، بە سوپای پاسدارانیشەوە، کۆمپانیای تەرخانکراو و تۆڕی ڕەوە کەشتیی بەرسێبەریان بەکارهێناوە بۆ فرۆشتنی نەوت بۆ پڕکردنەوەی بودجەی خۆیان.
داتاکانی کپلێر دەریدەخەن کە ئێران لە مانگی هەشتدا 255 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا بارکردۆتە ناو کەشتی لە کەنداو، ئەمەش 85% لەخوار تێكڕای ئەو بڕەیە لە مانگەکانی دوو بۆ چوار باریکردبوون.
ئەو نەوتە نوێیەی کە بارکراو بەهۆی گەمارۆکەوە گیری خواردووە و نەکەوتۆتە ڕێ بۆ لای کڕیارەکان.
هەوڵە دیپلۆماتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بوونە مایەی گەیشتن بە رێکەوتننامەی لێتێگەیشتن لەنێوان ئەمەریکا و ئێراندا، کە هەفتەیەک گەمارۆەکەش راگیرا، ئەو راگرتنە بواری بۆ ئێران رەخساند بڕی بەرچاوی نەوت بنێرێتە دەرەوە تاوەکو لە کاتی درەنگتردا بگاتە کڕیار. ئێران تاوەکو ئێستا لەسەر قازانجی ئەو بەرمیلە نەوتانە دەژی.
بەڵام ئەو رێگەیەش وا بەرەو تەواوبوون دەچێت. کپلێر مەزەندەیکردووە کە گەیاندنەکانی ئێستا نزیکەی ملیۆنێک بەرمیلە لە رۆژێکدا، کە زۆربەی دەچێت بۆ چیین، کە چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو ناوەڕاستی مانگی 10 ئەوەش تەواوبێت. پارەی ئەو نەوتەی کە پێشترگەیشتووە چاوەڕواندەکرێت بە هاتنی ناوەڕاستی مانگی دوازدە ئەویش ووشکبکات.
تەنانەت وەرگرتنی ئەو پارانەش زەحمەتتر دەبن. ئابڵوقەکانی هەڵمەتە ئابوورییە نوێیەکانی واشنتن بانکەکان و کەناڵە داراییەکانی دیکە بەئامانج دەگرن کە ئاسانکارییدەکەن بۆ گواستنەوەی پارە بۆ ئێران.