بەریتانیا ڕۆژی سێشەممە،8ی مانگی نۆ یاسایەکی بۆ سەپاندنی سزای قورستر بەسەر کۆماری ئیسلامیدا بڵاوکردەوە کە ڕێگە بە وڵاتەکەی دەدات سزای توندتر بەسەر ئێراندا بسەپێنێت.
حکومەتی بەریتانیا ئەم هەنگاوەی بە بەشێک لە هەوڵێکی بەرفراوانتر بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران و چالاکییە خراپەکانی دیکەی تاران ناوبرد. بە گوێرەی ئەم ڕێوشوێنانەی بەریتانیا، دەستڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە سیستەمی دارایی ئەو وڵاتە سنووردار دەکرێن.
بە گوێرەی بڕیارەکە، قەدەغەکردنی بازرگانی بۆ کاڵا و تەکنەلۆجیا و خزمەتگوزاریی زیاتر درێژدەبێتەوە و فڕۆکە ئێرانییەکانیش جگە لە هەلومەرجی نائاسایی، نیشتەوەیان لە بەریتانیا قەدەغە دەکرێت.
بەرپرسانی حکومەتی بەریتانیا ڕایگەیاندووە ئەم یاسایە "هەوڵەکانمان دوو هێندە دەکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خواستە ئەتۆمییەکانی ئێران" و یارمەتیدەریشە بۆ دڵنیابوون لەوەی تاران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەستناهێنێت."