سیتڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا، لە هەژماری خۆی لە ئێکس بڵاویکردووەتەوە کە سەردانەکانی بۆ مۆسکۆ و کیێڤ سەرکەوتووبوون و گفتوگۆکان لەبارەی کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان هەردوو وڵات "بەرەوپێچوونی بەرچاویان" بەخۆوە بینیووە.
هەروەها نوسیویەتی کە سەردانەکەیان بە ڕێنمایی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا بووە و لەپێناو سازدانی گفتوگۆی زیاتری نێوان دوو وڵاتەکە بووە.
وە باسی لەوەشکردووە کە هەنگاونراوە بەرەو سازدانی گفتوگۆی سێقۆڵی.
ویتکۆف و جێرد کوشنەر، هەفتەی ڕابردوو سەردانی هەردوو وڵاتی رووسیا و ئۆکرانیایان کرد و بە جیا لەگەڵ بەرپرسانی هەردوو وڵات کۆبوونەوە بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگ.
بەرپرسانی ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمەریکا و وەزارەتی دەرەوە و خەزێنە هاوەڵیی نێردەکەی ئەمەریکا بوون.
لە کۆبوونەوەکانی کیێڤدا ڕاوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانی ئیمارات و ئەڵمانیا و فەرەنسا ئامادەبوون بۆ هاریکاریکردنی بەرەوپێچوونی گفتوگۆکان.