رافائێل گرۆسیی بەڕێوەبەری ئاژانسی وزەی ئەتۆمی رۆژی دووشەممە 7ی نۆ، لە ڤییەنا ڕایگەیاند ئەو وێستگە ئەتۆمییەی کە سوریا بەنیازبوو ساڵی 2007 تەواوی بکات، توانای بەرهەمهێنانی ماددەی پەرتبووی ئەتۆمی دەبوو کە دەکرا لە چەکی ئەتۆمیدا بەکاربهێنرێت پێش ئەوەی ئیسرائیل بۆردومانی بکات.
ئاژانسەکە لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییانەی لەبارەی وێستگە ئەتۆمییە نهێنییەکانی سوریا بە "چالاکییەکی مێژوویی" وەسفکرد کە لە سەردەمی حوکمڕانی خێزانی ئەسەددا دروستکرابوون.
لێکۆڵینەوەکان دەریانخست کە وێستگەکە نزیکەی 73 تەن کانزای یۆرانیۆمی سروشتی تێدابووە، کە زۆربەی لە شێوەی سووتەمەنی ریئاکتەرەدا بووە.
لە راپۆرتێکدا کە بۆ وڵاتانی ئەندام ئامادەکرابوو و ئاژانسی رۆیتەرز بینیوویەتی، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم پشتراستیکردووەتەوە کە پێگە بۆردومانکراوەکەی سوریا لە پارێزگای دێر ئەل زوری خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە ریئاکتەری ئەتۆمی بووە بەڵام دروستکردنەکەی تەواونەبووە و سووتەمەنی تێدابووە کە لە سوریا دروستکراوە، کە پێویست بوو لە کاتی خۆیدا ئاژانسەکەی لێ ئاگاداربکرایەتەوە.
گرۆسیی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی "ئەم ریئاکتەرە یەکجار کارا و کاریگەربووە لە دروستکردنی ماددەی پەرتبوودا کە دەکرا راستەوخۆ بەکاربهێنرایە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمیدا." و هەروەها ئەوەشی وت "زۆری نەمابوو (دروستکردنەکەی) تەواوبێت."
ئیسرائیل ساڵی 2007 ئەو وێستگەیەی سوریای بۆردومانکرد.