سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند لە ئۆپەراسیۆنێکدا موعین محەمەد عەرەبیدی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی گشتی حەماسی لە غەززە دەستگیرکردووە.
کەناڵی 12 ی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە 31 ی هەشت بڵاویکردەوە کە سوپای ئیسرائیل عەرەبیدی بە برینداریی دەستگیرکردووە و گواستراوەتەوە بۆ ئیسرائیل.
هەواڵەکە لەلایەن وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئیسرائیل کاتز ڕاگەیەنرا.
کاتز لەو بارەیەوە وتی "ئێمە چاوەڕوانی هەڕەشە ناکەین. ئێمە دوای کاربەدەستانی حەماس دەکەوین و پلانەکانیان پوچەڵ دەکەینەوە و ژێرخانی تیرۆریستییان وێراندەکەین."
وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشدا " ئێمە ناوچەیەکی ئاسایشی بەهێز و بێوێنەمان لە غەززە دروستکردووە بۆ پاراستنی خەڵک و سەربازەکانی سوپای ئیسرائیل."
وتەبێژێکی سوپای ئیسرائیل وتی "سوپای ئیسرائیل هێرشیکردە سەر چەند ئامانجێک لە کەرتی غەززە بۆ لەناوبردنی هەڕەشەکانی سەر هێزەکانمان." ئەوەشی وت کە لە ماوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا هیچ ئەندامێکی هێزەکانی ئیسرائیل زیانی پێنەگەیشتووە.
لەسەر پێشنیازی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا لە مانگی یەکی ئەمساڵدا ئاگربەست لە غەززە ڕاگەیەنرا و پلانی ئاشتی 20 خاڵی لەنێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان لە غەززە پێشکەش کرا. پلانێک کە بە "پلانی ئاشتی ترەمپ" ناسراوە.
بەپێی ئەو پلانە، حەماس دەبێت بە تەواوی چەکدابنێت و سوپای ئیسرائیل وردە وردە لە غەززە بکشێتەوە و بەڕێوەبردنی داهاتووی ناوچەکە لەلایەن لیژنەیەکی تەکنۆکراتی کەسانی فەڵەستینییەوە بەڕێوەببرێت.
حەماس سەرەتا دژی دانانی چەک بوو، بەڵام دواتر لە ژێر فشاری ئەمەریکا و وڵاتانی عەرەبی و موسڵماندا ناچاربوو پرۆسەی چەکدانان قبوڵبکات.
لەو کاتەوە هەندێک جموجۆڵی سەربازیی گوماناوی لەلایەن ئەندامانی حەماسەوە هەبووە کە ڕووبەڕووی کاردانەوەی توندی ئیسرائیل بوونەتەوە.