جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، دەڵێت ئەو ڤیدیۆیەی سەرۆک دوناڵد ترامپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە کە هێرشێک بۆ سەر دوورگەی خارگ نیشان دەدات، ڕاگەیاندنی هەنگاوێکی سەربازی نییە، بەڵکو پەیامێکە بۆ ئێران.
ڤانس لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسان لە فڕۆکەخانە، پێش گەشتێکی بۆ میشیگن، گوتی سەرۆک ترامپ حەز دەکات جاروبار شێوازی پەیامەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بگۆڕێت، بەڵام بەپێی وتەی ئەو، ترامپ "ڕاگەیاندنی دەربارەی هەنگاوە سەربازییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناکات."
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا گوتی پێی وایە مەبەستی ترامپ لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە ناردنی پەیامێکە بۆ تاران، بە تایبەتی لە پەیوەندی بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتیوانیی بازرگانی.
ڤانس گوتی: "ئێمە دەزانین کە ئەوان بەردەوامن لە تەقەکردن لە کەشتییە بازرگانییەکان. ئێمەش هێشتا ئامراز و هەڵبژاردەی زۆرمان لەبەردەستدایە بۆ ڕێگریکردن لەوان، یان لانیکەم کەمکردنەوەی ئەم کارانەیان."
ڤانس هەروەها گوتی پەیامی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئێران ئەوەیە کە هێرشکردنە سەر کەشتیوانیی بازرگانی دەبێت بوەستێت و ئەگەر بەردەوام بێت، دەرئەنجامی لێ دەکەوێتەوە.
ترامپ پێشتر ڤیدیۆیەکی دروستکراو بە زیرەکی دەستکردی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوکردەوە کە وێنەی هێرشێک بۆ سەر دوورگەی خارگ نیشان دەدات.
خارگ یەکێکە لە گرنگترین ناوەندەکانی هەناردەکردنی نەوتی ئێران. بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیە پرسیاری لەبارەی مەبەستی پەیامەکە و ئەگەری هەنگاوی زیاتر لەلایەن واشنتنەوە دروست کردووە.