نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا پێشوازی لە بڕیاری حکومەتی کاتی کردووە بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی تایبەت بۆ خوێندکارانی پارێزگای سوەیدا، لە هەمان کاتدا داوای لە دیمەشق کردووە سەلامەتیی خوێندکاران مسۆگەر بکات.
هەفتەی ڕابردوو، ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی کاتی سوریا، فەرمانێکی سەرۆکایەتی دەرکرد کە ڕێگە بە خوێندکارانی قۆناغەکانی بنەڕەتی و ئامادەیی لە پارێزگای سوەیدا دەدات بەشداری تاقیکردنەوەی تایبەت بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن خوێندنی خۆیان تەواو بکەن.
تاقیکردنەوە تایبەتەکانی خوێندکارانی سوەیدا ئەمڕۆ شەممە ئەنجام دران. بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی خۆی لە پەرەسەندنەکانی ئەو پارێزگایە دەربڕیوە کە زۆرینەی دانیشتووانی دروزین.
هەندێک ڕاپۆرت ئاماژە بەوە دەکەن کە خوێندکاران لە ناوەندەکانی تاقیکردنەوە ڕووبەڕووی کۆسپ و تەگەرە بوونەتەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی کردووەتەوە کە هەموو منداڵێک مافی خوێندن و فێربوونی هەیە و دەبێت بتوانێت لە ژینگەیەکی ئارام، سەلامەت و پشتگیریکراودا تاقیکردنەوەکانی ئەنجام بدات.
دوای شەڕ و پێکدادانەکانی هاوینی ساڵی ڕابردوو لەنێوان هێزەکانی حکومەتی کاتی و دروزەکان، سوەیدا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشەی ئەمنی بووەتەوە، لەوانەش ئەو کێشانەی پەیوەندییان بە سەلامەتیی خوێندکارانەوە هەیە.