Accessibility links

حکومەتی نەیجەر دەڵێت دوای هێرشی ژمارەیەک سەربازی یاخی، کۆنترۆڵی نیامی دەکاتەوە

دوای چەند کاتژمێر تەقە و تەقینەوەی بەردەوام لە نیامی، پایتەختی نیجەر، وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە ڕایگەیاند ژمارەیەک سەربازی یاخی هێرشیان کردووەتە سەر شوێنە هەستیارەکانی پایتەخت و هێزە ئەمنییەکان بە هێواشی کۆنترۆڵی ئەو شوێنانە دەگرنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، لە بەرەبەیانی شەممەوە دەنگی تەقەی چڕ و تەقینەوە لە چەند ناوچەی نیامی، لەوانە دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیۆری هامانی و ناوچەی نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی، بیستراوە. چوار سەرچاوە بە ڕۆیتەرزیان وتووە هێرشەکە لەلایەن سەربازانی یاخییەوە ئەنجام دراوە.

وەزارەتی بەرگری نیجەر دواتر پشتڕاستی کردەوە کە ڕووداوەکان پەیوەندییان بە ناڕەزایی و یاخیبوونی بەشێک لە هێزە چەکدارەکانەوە هەیە.

جەنەراڵ سەلیفۆ مۆدی، وەزیری بەرگری، لە بەیاننامەیەکدا کە لە تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئەو ووڵاتە خوێندرایەوە، وتی سەربازە یاخییەکان هەندێک لە هاوڕێ سەربازەکانیان لە بنکەی سەربازی نزیک فڕۆکەخانە گرتووە و دواتر تەقەیان لە چەند شوێنێکی هەستیاری پایتەخت کردووە. بە وتەی وەزارەت، وەڵامی خێرای هێزەکانی بەرگری و ئاسایش وای کردووە جووڵەکە سنووردار بکرێت و حکومەت بە هێواشی کۆنترۆڵی شوێنە ئامانجگیراوەکان بکاتەوە.

لە ماوەی ئاڵۆزییەکاندا، پەخشی تەلەفزیۆن و ڕادیۆی دەوڵەتیی نیجەر وەستا. ڕاپۆرتەکان دەڵێن هێزە سەربازییەکان ڕێگەکانی بەرەو کۆشکی سەرۆکایەتی و بینای تەلەفزیۆنیان داخستبوو. دواتر پەخشی تەلەفزیۆن دووبارە دەستی پێکردەوە.

ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی ئەمنی و دیپلۆماتێک ڕاپۆرتی دا، کە لە بەیانی شەممەدا کۆشکی سەرۆکایەتی وا دیار بوو کە لەلایەن هێزە دڵسۆزەکانی حکومەتەوە پارێزراوە، بەڵام لە هەمان کاتدا ناوچەی فڕۆکەخانە هێشتا جێگەی ناکۆکی بوو. ڕۆیتەرز وتی نەیتوانیوە سەربەخۆیانە هەموو ئەو زانیارییانە پشتڕاست بکاتەوە.

هەرچەندە هێشتا حکومەتی نیجەر بە فەرمی ڕووداوەکەی بە "هەوڵی کودەتا" ناونەبردووە، بەڵام هێرشکردنە سەر شوێنە هەستیارەکانی حکومەت و بەشداری سەربازانی ناوخۆی هێزە چەکدارەکان گومان لەسەر هەوڵێکی کودەتا یان یاخیبوونێکی فراوانی سەربازی دروست کردووە.

نیجەر خۆی لە ساڵی 2023ەوە لەلایەن حکومەتێکی سەربازییەوە بەڕێوەدەبرێت. جەنەراڵ عەبدولڕەحمان تیانی بە کودەتایەکی سەربازی محەمەد بازوم، سەرۆک‌کۆماری هەڵبژێردراوی وڵاتەکەی لە دەسەڵات لابرد.

دوای کودەتاکە، نیجەر پەیوەندییە سەربازییەکانی لەگەڵ هاوبەشە ڕۆژئاواییەکانی، بە تایبەتی فەڕەنسا و ئەمەریکا، کەمکردەوە و لەگەڵ مالی و بورکینافاسۆ، کە ئەوانیش لەلایەن حکومەتە سەربازییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، "هاوپەیمانی دەوڵەتانی ساحێل"یان پێکهێنا و پەیوەندییان لەگەڵ ڕووسیا نزیکتر کردەوە.

حکومەت داوای لە دانیشتووانی نیامی کردووە ئارام بن و لە بڵاوکردنەوەی زانیاری پشتڕاستنەکراوە خۆ بپارێزن.

وەزارەتی بەرگریش دەڵێت هێزەکانی حکومەت بەردەوامن لە کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی پایتەخت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG