Accessibility links

ئەندامانی سینات: کاریگەرییە ستراتیژییەکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران دەرکەوتوون

دوو سیناتۆری کۆماریخوازی ئەمەریکا، لە کاتێکدا واشنتن خولی نوێی فشارە ئابووری و سەربازییەکانی لەسەر کۆماری ئیسلامی چڕتر کردووەتەوە، دەڵێن ستراتیژی ئەمەریکا لە بەرامبەر تاراندا دەستی بە دەرکەوتنی ئەنجامەکان کردووە.

سەناتۆر دەیڤ مەککۆرمیک، ئەندامی کۆماریخوازی سێنات، دەڵێت فشارە ئابوورییەکان دژی کۆماری ئیسلامی "کاریگەرییان دەکەوتووە" و خولی نوێی سزاکانی ئەمەریکا فشاری زیاتر دەخاتە سەر تاران و ئەو وڵاتانە و دامەزراوانەی مامەڵەی بازرگانی و دارایی لەگەڵ ئێران دەکەن.

ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایە کە حکومەتی سەرۆک دۆناڵد ترامپ ئۆپەراسیۆنێکی نوێی ئابووری بە ناوی ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیری ئابووری ئێران دەست پێکردووە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا دەڵێت ئامانجی ئەم هەڵمەتە بڕینی پەیوەندییە دارایی و ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ جیهانە و واشنتن هۆشداری داوەتە وڵات، بانک و کۆمپانیا بیانییەکان کە بەردەوامبوونی مامەڵە لەگەڵ تاران دەتوانێت بیانکاتە ئامانجی سزااکانی ئەو وڵاتە.

داتا ئابوورییەکانی ئێرانیش نیشانەکانی زیادبوونی فشارەکە پیشان دەدەن. بەپێی ڕۆیتەرز، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک‌کۆماری ئێران، وتوویەتی بازرگانی دەرەکی وڵاتەکە بەهۆی سزا و گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمەریکاوە نزیکەی 35 لە سەد کەم بووەتەوە، لە کاتێکدا ڕێژەی هەڵئاوسان گەیشتووەتە نزیکەی 66 لە سەد.

لە هەمان کاتدا، سێناتۆر تیم شیهی، ئەندامی کۆماریخوازی سینات، لە وەڵام بە ڕاپۆرتی نوێی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا، سێنتکۆم، دەربارەی ئۆپەراسیۆنەکانی تەنگەی هورمز نووسی کە "ئابووری جیهانی لەسەر شانی هێزی دەریایی ئەمریکا ڕاوەستاوە."

سێنتکۆم دەڵێت هێزەکانی ئەمەریکا توانیویانە ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکانی تەنگەی هورمز لە مینە دەریاییەکان پاک بکەنەوە. ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم، ڕایگەیاندووە کە ڕێڕەوە ناسراوە نێودەوڵەتییەکانی تەنگەکە ئێستا لە مینەکانی ئێران پاک کراونەتەوە و هاتووچۆی نێودەوڵەتی لە زیادبووندایە.

تەنگەی هورمز یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوەکانی وزە لە جیهاندا و پێش جەنگ نزیکەی 20 لە سەدی نەوت و گازی سروشتی شلی جیهان بەو ڕێڕەوەدا تێدەپەڕی. بۆیە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمەریکا و ئێران لە تەنگەکە تەنها کێشەیەکی سەربازی نییە، بەڵکو کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر نرخی وزە و ئابووری جیهانی هەیە.


This item is part of
XS
SM
MD
LG