Accessibility links

پاشای نەرویج لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد

کۆشکی شاهانەی نەرویج ئەمڕۆ هەینی 28ی مانگی هەشت ڕایگەیاند شا هاراڵدی پێنجەم پاش زیاتر لە سێ دەیە پاشایەتی لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

لە بەیاننامەیەکدا لە کۆشکەکەوە بڵاو کراوەتەوە، هاراڵدی پێنجەم بەیانی ڕۆژی هەینی لە نەخۆشخانەی زانکۆی ئۆسلۆ گیانی لەدەستداوە.

هاراڵد کە بەتەمەنترین پاشای زیندوو بوو لە ئەوروپا، لە 17ی مانگی هەشتەوە بەهۆی تووشبوونی بەکتریا لە خوێنیدا لە نەخۆشخانە خەوێندرابوو.


دوای ڕاگەیاندنی هەواڵی کۆچی دوایی پاشای نەرویج، سەدان کەس لە بەردەم کۆشکی شاهانە لە ئۆسلۆ کۆبوونەوە بۆ ڕێزگرتن و دانانی گوڵ، حکومەتی نەرویجیش تا کاتی بەخاکسپاردنی ناوبرا، ماتەمینی نیشتمانی ڕاگەیاندووە.

ژمارەیەک لە سیاسەتمەداران و ئەندامانی بنەماڵەی شاهانەی ئەوروپا و کەسایەتییە دیارەکان سەرەخۆشیان بۆ ئەم کۆچە کردووە.

هاکۆن هەشتەم - پاشای نوێی نەرویج
هاکۆن هەشتەم - پاشای نوێی نەرویج


لەگەڵ کۆچی دوایی هاراڵدی پێنجەم، هاکۆن کوڕە تەمەن 53 ساڵەکەی بە ناوی هاکۆنی هەشتەم بوو بە پاشای نوێی نەرویج و ئینگرید ئەلێکساندرا کچە 22 ساڵەکەی هاکۆنیش نازناوی شازادەی جێنشینی وەرگرت.


هاراڵدی پێنجەم لە ساڵی 1991 لەسەر تەختی پاشایەتی دانرا و لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیە لە سەرۆکایەتی بنەماڵەی شاهانەدا، هەوڵی دابوو ئەو دامەزراوەیە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگەی مۆدێرنی نەرویجیدا بگونجێنێت.

پاشای نەرویج زۆرجار لەگەڵ خەڵکدا دەرکەوتووە و بەشداری خەم و ناخۆشیانی کردووە. یەکێک لەو حاڵەتانە کاتێک بوو کە ئەندەرس بێهرینگ برێڤیک کە نیونازی بوو، لە هاوینی 2011دا لە دوو هێرشدا 77 کەسی کوشت کە 69 نەوجەوانی تێدابوو، ئەمەش خراپترین کۆمەڵکوژی بوو لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە لە نەرویج.

لەو کاتەدا هاراڵد وتی "من بە توندی باوەڕم بەوە هەیە کە ئازادی بەهێزترە لە ترس، باوەڕم بە دیموکراسی و کۆمەڵگەیەکی کراوەی نەرویجی هەیە."

هەروەها پاشای نەرویج ڕەنگدانەوەی ئەو بەهایانە بوو کە زاڵە بەسەر ئەو وڵاتەی سکاندیناڤیا. ناوبراو لە وتارێکدا لە 25 ساڵەی پاشایەتییەکەی لە ساڵی 2016دا وتی "خەڵکی نەرویج باوەڕیان نە بە خودا و نە بە ئەڵڵا و نە بە گەردوون و نە هیچ شتێکئ دیکە نییە.


هاراڵدی پێنجەم وەک زۆر کەسی وڵاتەکەی حەزی لە سروشت بوو و حەزی لە ماسیگرتن و ڕاوکردن و خلیسکێنەی سەر بەفر بوو. هەروەها وەرزشوانێکی سەرکەوتوو بووە، سێ جار لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیاددا نوێنەرایەتی نەرویجی کردووە لە بواری بەلەمەوانیدا.

هاراڵد لە 21ی مانگی دووی ساڵی 1937 لەدایک بووە و یەکەم میراتگری تەختی پاشایەتی بووە لە ماوەی نزیکەی 570 ساڵدا کە لەسەر خاکی نەرویج لەدایک بووبێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG