پسپۆڕانی نەخۆشییەکانی چاو دەڵێن نەخۆشی زەهایمەر و جۆرەکانی تری لەبیرچوونەوە لە زیادبووندان. بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی زەهایمەری ئەمەریکا، زیاتر لە حەوت ملیۆن هاووڵاتی ئەمەریکا، واتە نزیکەی یەک لە هەر نۆی ئەکەسانەی کە تەمەنیان 65 ساڵ یان زیاترن تووشی دیمەنشیای زەهایمەر بوون.
زەهایمەر چییە؟
زەهایمەر باوترین جۆری دیمەنشیایە، دۆخێک کە دەبێتە هۆی پوکانەوەی مێشک و کاریگەری لەسەر یادەوەری، بیرکردنەوە و تواناکانی ڕۆژانەی مرۆڤ دەبێت.
نیشانەکانی زۆرجار بە لەدەستدانی خێرای یادەوەری دەست پێدەکەن، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات کاریگەری لەسەر توانای ئاخاوتن و بڕیاردان و ئەنجامدانی کار ڕۆژانە دەبێت.
کاریگەرییەکانی زەهایمەر تەنها سنووردار بە نەخۆشەکە نییە، بەڵکو بارێکی قورس دەخاتە سەر خێزانەکان و سیستەمی تەندروستی.
بەپێی کۆمەڵەی زەهایمەر، پێشبینی دەکرێت خەرجی چاودێری تەندروستی و چاودێریی درێژخایەن بۆ تووشبووانی زەهایمەر و جۆرەکانی تری دیمەنشیا لە ساڵی 2026 بگاتە 409 ملیار دۆلار. هەروەها بەپێی بەپێی زانیارییەکانی دامەزراوەی نیشتمانی بەتەمەناکان و کۆمەڵەی زەهایمەر لە ئەمەریکا، پێشبینی دەکرێت لە ئەمەریکا تا ساڵی 2050 بگاتە زیاتر لە یەک تریلیۆن دۆلار. ئەمە بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەهای ئەو چاودێرییەی کە لەلایەن خێزانەوە پێشکەش بە تووشبوانی زەهایمەر دەکرێت.
ئایا چاوت دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دەستنیشانکردنی زهایمەر؟
دەستنیشانکردنی زووخایەنی ئەلزەهایمەر گرنگە، چونکە دەتوانێت کاتێکی زیاتر بدات بە نەخۆش و خێزانەکەی بۆ پلاندانان و وەرگرتنی چاودێریی پێویست.
بەپێی توێژینەوەیەک کە لە ساڵی 2019 لە گۆڤاری زانستی پزیشکی چاودا بڵاوکرایەوە و لەلایەن ناوەندی چاوی زانکۆی دووک ئەنجام درا، تەکنەلۆژیایەکی نوێی پشکنینی پزیشکی دەتوانێت لە چەند چرکەیەکدا نیشانەکانی نەخۆشی زەهایمەر دەستنیشان بکات.
توێژەرەکان ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە لەنێو نەخۆشانی زەهایمەر، خوێنبەرە بچووکەکانی تۆڕی چاو لە ڕووی دیمەن و شێوەوە جیاوازن لە کەسانی تەندروست. هەروەها توێژینەوەکە نیشانی دا کە ئەم تەکنەلۆژیا دەتوانێت جیاوازی بکات لەنێوان تووشبووانی زەهایمەر و ئەو کەسانەی کە تەنها کەمێک لاوازی هزریان هەیە.
ئەم توێژینەوەیە، کە یەکێکە لە گەورەترین توێژینەوەکان، بەشێکە لەو بەڵگە زانستییانەی کە رۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبن. زاناکان ئومێدەوارن لە داهاتوودا ڕێگایەکی خێرا و کەمتێچوو بدۆزنەوە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی زەهایمەر لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا و پێش ئەوەی نیشانەکانی بە ڕوونی دەربکەون.