ماڵپەڕی ئەکسیۆس ڕۆژی یەکشەممە 23ی مانگی هەشت بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی ئاگادار بڵاویکردووەتەوە بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل و سوریا کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیان ئەنجامداوە کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات بووە لە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی ئاسمانی ئەبوزهور.
ئەو دوو سەرچاوەیە بە ئەکسیۆسیان ڕاگەیاندووە ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا لەگەڵ ڕۆمەن گۆفمەن، سەرۆکی مۆسادی ئیسرائیل لە ئوردن کۆبووەتەوە. کۆبوونەوەکە چەند ڕۆژێک دوای زیادبوونی گرژییەکانی نێوان دیمەشق و ئۆرشەلیم لەدوای هێرشی سەر بنکەی ئاسمانی ئەبو زوهور ئەنجامدراوە.
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تا ئێستا کاردانەوەی بەم هەواڵە نەبووە. بەرپرسانی سوریاش لەو بارەیەوە بێدەنگ بوون.
کۆبوونەوەکە لە کاتێکی هەستیاردایە، بەتایبەتی کە ئیسرائیل ڕایگەیاندووە هێرشەکەی بۆ سەر ئەبوزوهور بەهۆی نیگەرانییەکانەوە بووە سەبارەت بە ئەگەری چالاکییە سەربازییەکانی تورکیا لەوێ. بەڵام حکومەتی سوریا و تورکیا ڕەتیانکردووەتەوە هیچ هەماهەنگییەک هەبێت بۆ ئەوەی بنکەکە بکرێتە ناوچەی سەکۆی هێزەکانی تورکیا.
هەر لەو پێوەندییەدا وەزیری دەرەوەی سووریا ئەمڕۆ ڕایگەیاند پێش هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی ئەبو زوهور، ئاگادارمان کردوون کە ئەم بنکەیە نابێتە بنکەیەکی تورکیا، لەگەڵ ئەوەشدا ئیسرائیل هێرشەکەی ئەنجامداوە.
کۆبوونەوەی بەرپرسانی ئیسرائیل و سوریا کە لەلایەن ئەکسیۆسەوە بڵاوکراوەتەوە، جارێکی دیکە سەرنجەکانی بۆلای ئەو ڕێککەوتنە ئەمنییەی ڕاکێشاوە کە ئەمەریکا لە چەند مانگی ڕابردوودا هەوڵی بۆ داوە لە نێوان هەردوو وڵات.
ساڵی ڕابردوو شەیبانی ئاشکرای کرد ئیسرائیل و سوریا "لەسەر کاغەز لەسەر نزیکەی هەموو خاڵە ناکۆکەکانی نێوانیان ڕێککەوتوون"، بەڵام دواتر پرۆسەکە ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەوە.
بەپێی ئەوەی وەزیری سوریا ئاشکرای کردووە، ڕێککەوتنەکە بڕگەیەکی لەخۆگرتبوو کە داوا لە ئیسرائیل دەکات هێرش نەکاتە سەر خاکی سوریا و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکە نەکات.
هەروەها لە ڕێککەوتنەکەدا ئاماژە بە کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل کراوە لەو ناوچانەی سوریا کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، هێزی ئیسرائیلی تێدا جێگیر کراون.
لەو چوارچێوەیەشدا زیاتر لە ساڵێکە حکومەتی ئەمەریکا هەوڵدەدات ڕێککەوتنێکی ئەمنی لەنێوان ئیسرائیل و حکومەتی ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا ئەنجامبدات وەک هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لە پێکدادان و کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکان.
هاوکات ئەمەریکا چەندین جار هانی هەردوولا دەدات بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان و پڕۆسەی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان تەواو بکەن. لە ڕوانگەی ئەمەریکاوە، سەرەڕای نەبوونی متمانە لە نێوان هەردوولا، هێشتا دەرگاکانی دیپلۆماسی کراوەن.
جگە لەوەش کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی سوریا و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل، موساد، وەک لە ڕاپۆرتی ئەکسیۆسدا هاتووە ئەگەر لە چوارچێوەی کەناڵێکی دانوستانی ئاساییدا بەردەوام بێت، دەکرێت نیشانەی هەوڵێکی نوێ بێت بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و جوڵاندنی هەردوو وڵات بەرەو ئاشتی.
وەزیری دەرەوەی سوریا و سەرۆکی مۆساد بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان دوو وڵات کۆدەبنەوە