Accessibility links

وەزیری دەرەوەی سوریا: کۆماری ئیسلامی دەبێت دان بەوەدا بنێت کە دژی خەڵکی سوریا ئەنجامی داوە

ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا ڕۆژی هەینی 21ی مانگی هەشت ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامی دەبێ دان بەوەدا بنێت کە دژی خەڵکی سوریا ئەنجامی داوە.

وەزیری دەرەوەی سوریا لە سەردانێکیدا بۆ پاکستان رایگەیاند پێویستە ئێران پێش دەستپێکردنی هەر دانوستاندنێک بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندیی نێوان تاران و دیمەشق، سەرەتا دانبنێت بەوەی لە سوریا بەرامبەر بە خەڵکی ئەو وڵاتە کردوویەتی.

شەیبانی لە یەکەم سەردانی فەرمی خۆی بۆ پاکستان لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە مانگی دوازدەی ساڵی 2024، وتی "لە سەردانەکەی ئێستای ئیسلام ئاباد هیچ پێشنیارێک بۆ ناوبژیوانی نێوان سووریا و ئێران نەدراوە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی پاکستان لە نێوەندگیری لە نێوان ئێران و ئەمەریکا، وتی "دیمەشق پێشوازی لەم ڕۆڵە و هەوڵەکانی پاکستان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ دەکات." شەیبانی جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر زەمینەی پێویست بۆ نێوەندگیری لە نێوان تاران و دیمەشق لە داهاتوودا دابین بکرێت و ئێران بەرپرسیارێتی کارەکانی لە سوریا قبوڵ بکات، دیمەشق دژایەتی ڕۆڵی پاکستان بەو مەبەستە ناکات.

ئێران یارمەتی سەربازیی و دارایی زۆری پێشکەشی سوریا دەکرد لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەسەد و لە ماوەی 14 ساڵ شەڕی ناوخۆی سوریا، بە رێکخراوە چەکدارەکانیشەوە کە سەربە ئێران بوون و لەپاڵ هێزەکانی رژێمی ئەسەدا دەجەنگان.

شەیبانی وتی پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران رەتناکەینەوە بۆ هەتاهەتا بەڵام ناکرێت پەیوەندی دروستبێتەوە و سەردانکردن دەستپێبکاتەوە پێش ئەوەی ئێران باسی رۆڵی خۆی بکات لە وادەی دەسەڵاتداری رژێمی ئەسەددا.

وەزیری دەرەوەی سوریا هەروەها ڕایگەیاند سوریا بیر لە بژاردەی پەیوەستبوون بە ڕێککەوتنی نوێی بەرگری لە نێوان پاکستان، سعودیە و تورکیا دەکاتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێکی کۆتایی لەو بارەیەوە نەدراوە.

بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنە کە لە 7ی مانگی هەشت واژو کراوە، هێرشی چەکداری بۆ سەر هەر یەکێک لە ئەندامانی ڕێککەوتنەکە، بە هێرش بۆ سەر هەر سێ وڵات دادەنرێت.

وەزیری دەرەوەی سوریا وتی دیمەشق لە گرنگی پاکستان، سعودیە و تورکیا لە ناوچەکە تێدەگات و لە ژێر ڕۆشنایی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی سوریادا بژاردەکانی خۆی لەبەرچاو دەگرێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا شەیبانی ئاماژەی بەوەدا کە سوریا بەدوای شەڕێکی نوێدا ناگەڕێت و ئەولەویەتی دیمەشق ئاوەدانکردنەوەی وڵات و دامەزراندنی سەقامگیرییە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG