Accessibility links

چارەنوسی ئەو داعشە زیندانیانەی لە سوریاوە گوازرانەوە بۆ عێراق

بە گوێرەی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوای تەواوبوونی پرۆسەی گواستنەوەی ئەندامە زیندانیکراوەکانی داعش لە سوریاوە بۆ عێراق، چارەنووسی نزیکەی هەزاران لەو زیندانییانە بە نادیاریی ماوەتەوە.

ئەحمەد لعێبی، وتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاندا کە پێنج هەزار و حەوت سەد و چوار ئەندامی داعش لە سوریاوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق و لە گرتووخانەی ناوەندی کەرخ لە بەغدای پایتەختن.

لعێبی رایگەیاند ئەو زیندانیانەی داعش هاووڵاتی 61 وڵاتی جیاجیا لەخۆدەگرن و زیاد لە نیوەیان خەڵکی سوریان لەدوای سوریاش عێراق دێت لە زۆریی ژمارەی زیندانییە داعشەکان. لەناویشیاندا زیندانی هاووڵاتی وڵاتانی وەک ئەمەریکا و فەرەنسا و تورکیا و کەنەدا هەن.

وتەبێژەکەی وەزارەتی داد وتی کە لە ئێستادا لیژنەیەک کە پێکهاتووە لە وەزارەتی ناوخۆ و ئیستیخبارات و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لێکۆڵینەوە دەکەن و ئەنجامەکان دەخەنەبەردەم ئەنجومەنی باڵای دادوەریی، تاوەکو بڕیاربدات کە چی بەرامبەر ئەو زیندانیانە بکرێت. باسی لەوەشکرد کە دەشێت هەندێکیان بێتاوان بن، لەهەمان کاتدا ئەوانەیان کە تاوانیان ئەنجامداوە دادگایی بکرێن.

هەروەها لعێبی ئەوەشی وت کە وەزارەتی دادی عێراق لەڕێگەی دیپلۆماسی و کۆبوونەوە لەگەڵ باڵیۆزخانەکان گەیشتۆتە رێککەوتن بۆ ئەوەی ئەو وڵاتانە هاووڵاتییە زیندانییەکانی خۆیان بگەڕێننەوە بۆ وڵاتانی خۆیان.

وتەبێژەکەی وەزارەت ئەوەشی وت کە ئەم رێکارە هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە دادگایی کراون، خەڵکی هەر ووڵاتێک بن، بەڵام ئەوانەی کە بە سزای لە سێدارەدان سزادەدرێن ناگوازرێنەوە.

لعێبی باسی لەوەشکرد کە پاش ئەوەی دادگا بڕیاری خۆی دەدات، مەسەلەکە دەچێتە لای وەزارەتی دادی عێراق بۆ بڕیاردان لەوەی چ رێکەوتن و هاریکارییەك لەگەڵ وڵاتان دەکرێت بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییەکانیان بۆ ووڵاتانی خۆیان لەسەر بنەمای شوناس و جۆری سزاکەیان.

شایانی باسە لەوادەی سەردانی فایەق زەیدی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق بۆ سوریا، رۆژی 13ەی ئەم مانگە سوریا و عێراق رێککەوتن لەسەر دامەزراندنی تیمێکی دادوەریی تایبەت بۆ سەرپەرشتیکردنی زیندانییە سورییەکان لە عێراق و ئاڵوگۆڕکردنی بەڵگەکان لەبارەی کەیسەکانیان.

This item is part of
XS
SM
MD
LG