Accessibility links

تۆم باراک: ئیسرائیل و تورکیا لە لێواری شەڕدا بوون

نێردەی ئەمەریکا بۆ کاروباری سوریا رایگەیاند هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئەبوزوهور خەریک بوو مەترسییەکی ڕاستەقینەی دروست دەکرد و بە خێرایی بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی ڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و تورکیا و هەروەها سوریا دەڕویشت.

تۆم باراک کە هاوکات باڵیۆزی ئەمەریکایە لە تورکیا ڕۆژی چوارشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا وتی "هێزەکانی تورکیا نەیانزانیوە کە فڕۆکە ئیسرائیلییەکان لە ڕێگادان بۆ ئەو بنکە تایبەتەی سوریا و ئاگاداری چالاکییەکانی ئیسرائیل نەبوون. بۆیە ڕەنگە بڕیاریان دابێت فڕۆکە جەنگییەکانیان بخەنە کار چوونکە وایانزانیوە هێرشیان کراوەتە سەر."

بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە فڕۆکەخانە و کۆگاکانی سەربازی ئەبوزوهور لە پارێزگای ئیدلب لە سوریا بە هەشت هێرش کرانە ئامانج.

ئەو بنکەیە نزیکەی 70 کیلۆمەتر لە سنووری تورکیا و نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە حەلەبەوە دوورە. بەپێی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ هێرشەکان دوای ئەوە هات کە شاندێکی سەربازی تورکیا لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ کاراکردنەوەی ڕێڕەوی فڕینەکانی سەردانی فڕۆکەخانەکەی کردبوو.

بەپێی ڕاپۆرتێکی پێشووی ڕۆیتەرز، تیمە سەربازییەکانی تورکیا لانیکەم سێ بنکەی ئاسمانییان لە سوریا پشکنیوە بۆ بڵاوکردنەوەی هێزەکانیان بەپێی پەیمانی بەرگریی هاوبەشیان لەگەڵ سوریا.

باراک ڕۆژی سێشەممە لە کەناڵی ئێکس نووسیویەتی ئەمەریکا "بە قووڵی نیگەرانە" لەو هێرشانە و بە هەڵکشانێکی ناپێویستی گرژییەکان ناوی برد کە یاتمەتیدەر نییە لە سەقامگیرکردنی ناوچەکەدا.

نووسینگەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئێوارەی سێشەممە دوای چەند کاتژمێرێک لە بێدەنگی، ڕایگەیاند ئیسرائیل و سوریا لەسەر پرسە ئەمنییەکان ڕێککەوتبوون و سوریا لە لێواری پێشێلکردنی ئەو ڕێککەوتنەدا بوو، ئەمەش بە ڕێگەدان بە هێزەکانی تورکیا بۆ جێگیربوونیان لە بنکەیەکی ئاسمانی لە نزیک حەلەب.

بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی تورکیاش ڕۆژی چوارشەممە لە کەناڵی ئێکس نووسیویەتی "ئەو بانگەشانەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، ئامانج لێی ڕەوایی دانە بە هێرشە ئاسمانییە نایاسایییەکانی ئیسرائیل کە سەروەری خاکی سووریا و یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتەیان کردووەتە ئامانج."

باراک ئاماژەی بەوەشکردووە ئەمەریکا لە گفتوگۆیەکی ئارامدایە لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە کاراکردنەوەی میکانیزمەکان بۆ پێشگرتن لە پێکدادان لەنێوان ئیسرائیل و سوریادا.
هۆشداریشی دا لەوەی هێرشەکان دەتوانن لە داهاتوویەکی نزیکدا ببنە هۆی "زیادبوونی ئامادەیی و بوونی تورکیا لەو بنکانەی سوریادا."

This item is part of
XS
SM
MD
LG