Accessibility links

وڵاتانی ناوچەکە بوونەتە ئامانجی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئێران

وەزیری بەرگریی ئیمارات رایگەیان، ئێران ئەمڕۆ سێشەممە مووشەکی بالیستی نوێی گرتۆتە ئیمارات، پاش ئەوەی چەند رۆژێک لەمەوبەر ئەبووزەبی سەرکۆنەی هێرشەکانی تارانی بۆ سەر کەشتییەکان کرد.

وەزارەتەکە راشیگەیاند کە بەرگرییە ئاسمانییەکانیان درکیان بە فڕینی دوو مووشەکی بالیستی کردووە، یەکەمیان لە دەرەوەی ئاوە هەرێمییەکانی وڵاتەکەدا کەوتۆتە خوارەوە، و ئەوەی دووەمیان لەناو ئاوە هەرێمییەکانی وڵاتەکە کەوتووە.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتەکەدا هاتووە "وەزارەتی بەرگری پشتراستیدەکاتەوە کە لە باری هۆشداریی باڵادایە و تەواو ئامادەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک، و بەشێوەیەکی توند بەرپەرچی هەر شتێک بداتەوە کە ئامانج لێی لاوازکردنی ئاسایشی وڵاتە."
بەیاننامەکە ئەوەشی خستەڕوو کە ئیمارات ئامادەیە بۆ پاراستنی سەروەریی و ئاسایش و سەقامگیری خۆی و پاراستنی بەرژەوەندی و توانا نیشتمانییەکانی.

ئیمارات مانگی پێنجی رابردوو وتی کە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانییان بەرپەرچی 550 موشەکی بالیستی، و نزیکەی 30 موشەکی کروز و لانیکەم 2265 درۆنیان داوەتەوە لەدوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئێرانەوە. ئێران هیچ وەڵامێکی دەستبەجێی نەبووە.

ئیمارات رۆژی هەینی سەرکۆنە و سەرزەنشتی ئەوەیکرد کە ناوینابوو هێرشی "دوژمنکارانە"ی ئێران کە دوو کەشتیی وابەستیان بە کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی سەر بە دەوڵەت کردبووە ئامانج لەکاتی تێپەڕبوونیاندا بە گەرووی هورمزدا. بەڵام هیچ بریندارییەکی لێنەکەوتەوە.

هێزە سەربازییەکانی ئێران هەفتەی رابردوو دووپاتیان کردەوە کە نابێت هیچ کەشتییەک بە گەرووەکەدا بەبێ مۆڵەتی تاران تێپەڕێت.

رۆژی سێشەممە سەرۆک ترامپ وتی کە هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا کۆنترۆڵی گەرووەکەیان بەدەستە و بەڵێنیدا کە گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران "بە تەواوی هێز و کاریگەرانە" بەردەوام دەبێت.

ئێران جەختیکردەوە کە کۆنترۆڵ لە دەستی ئەوە و لە دانوساندایە لەگەڵ عومان بۆ ئیدارەدانی گەرووەکە.
ئێران سەدان ‌هێرشی موشەکی و درۆنی ئەنجامداوە لە نۆ وڵاتی دراوسێ و هەرێمی لە 28ی مانگی دووی ئەمساڵەوە کە ئەمەریکا و ئیسرائیل ئۆپراسیۆنی سەربازیی هاوبەشیان لەدژی ئەنجامدا.

بەشێک لەو وڵاتانەی لەلایەن ئێرانەوە کراونەتە ئامانج: قەتەر، بەحرەین، کوەیت، سعودیە، ئوردون، عێراق، کە پێگەی سەربازیی ئەمەریکایان تێدایە.

رۆژی دووشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وتی کە نوسینگەی تایبەتی خۆی و شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکی ئاژانسی هەواڵگریی هەرێم بە درۆنی ئێرانی کراونە ئامانج.

بارزانی رۆژی سێشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیبووی "بەتوندی سەرکۆنەی ئەو دوژمنکارییە سەرکەش و ناپەسەندە دەکەم، و دووپاتی دەکەمەوە کە ئەو هێرشانە پەرەسەندنی گرژی مەترسیدارن و هەڕەشەی راستەوخۆن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمەکە."

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی دووشەممە رایگەیاند کە هیچ پاساوێک نیە بۆ هێرشکردنە سەر نوسینگەی بارزانی، و وتی کە رەنگە کارای دیکەی لە پشتەوەبێت بۆ تێکدانی پەیوەندی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان.

This item is part of
XS
SM
MD
LG