Accessibility links

کوشنەر: بونیاتنانەوەی غەززە بەندە لەسەر چەکداماڵینی حەماس

جێرید کوشنەری نێردەی تایبەتی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە پێویستە گروپی تیرۆریستی حەماس پابەندبێت بە وابەستەیی خۆی بە چەکدانان لە غەززە، ئەگەر نا دەکەوێتە بەر ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل. هۆشداریی ئەوەشیدا کە لەو بارەدا ئیسرائیل پشتیوانیی زیاتری ئەمەریکای دەبێت بۆ "تەواوکردنی کارەکە بەشێوەیەکی شیاو."

کوشنەر، کە زاوای سەرۆک ترامپە، رۆژی دوو شەممە ئەو سەرنجانەی لەوادەی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ فۆکس نیوز باسکرد، پاش کۆبونەوەی رۆژی یەکشەممەی لەگەڵ سەرکردەکانی حەماس لە میسڕ و کۆبونەوەی رۆژی دووشەممەی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهوی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل.

کوشنەر بە فۆکس نیوزی ووت "ئەگەر ئەوان (حەماس) پابەندنەبن بە وابەستیی خۆیانەوە، ئەوا هەموو کەس دەبینن کە راستگۆنین لەبارەی ئاشتییەوە."

کوشنەر رۆژی یەکشەممە لە قاهیرە لەگەڵ بەرپرسانی حەماس کۆبووەوە هەروەها لەگەڵ لیژنەی نیشتمانیی بۆ ئیدارەی غەززەش، کە دەستەیەکی تەکنۆکراتی فەڵەستینییە کە دانراوە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو کەرتە.

کوشنەر وتی "ئەوان هەموو قسەیەکی باشیانکرد، بەڵام روونە کە کارێکی یەکجار زەحمەتە متمانە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی بکرێت کە ئەو تاوانە قێزەونانەیان ئەنجامداوە." کوشنەر کۆبونەوەکەی بە دۆستانە لەقەڵدا و ووتی واشنتن قەزاوەت لەسەر ئەوگروپە لەسەر بنەمای کردارەکانی دەکات.
هەروەها وتیشی "ئێمە بوارێکمان پێدان کار بکەن. ئەوەش بەنددەبێت لەسەر کردار و هەنگاوەکان، و هیوادارم کە راست بن."

حەماس پابەندبوونی بە پلانە 20 خاڵییەکەی سەرۆک ترامپ بۆ ئاشتی پشتراستکردەوە و هەروەها پابەندبوونی بە "نەخشەی رێگای 15خاڵی کە ئێمە لەگەڵ ئەوان لەماوەی چوار مانگی رابردوودا کارمان لەسەرکردووە، کە تیایدا ئەوان پابەندن بە دانانی چەکەکانیان" کوشنەری ئەمەی بە فۆکس نیوز ووت و ئەوەشی زیادکرد کە "کات دەریدەخات ئایا ئەوانە جێبەجێدەکرێن یان نا."

بنیامین ناتانیاهوی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە 9 مانگی هەشتدا ئەو نەخشەی ڕێگا 15 خاڵییەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاندا کە ئیسرائیل ناکشێتەوە تاوەکو حەماس چەکدانەنێت.

حەماسیش دەڵێت کە دەبێت کشانەوە و چەکدانان شان بەشانی یەکدی بکرێن.

پلانە 20 خاڵییەکە پێشنیازێکی بەرفراوانتری ترامپە بۆ ئاشتی. پێشنیازەکە داوای راگرتنی قۆناغ بە قۆناغی شەڕکردن دەکات، و هەروەها لەسەربازیخستنی غەززە، کشانەوەی ئیسرائیل، حوکمڕانیی تەکنۆکراتی فەڵەستینی و بونیاتنانەوەی نێودەوڵەتی، کە هەموو ئەمانە لەلایەن دەستەیەکەوە سەرپەرشتی دەکرێن کە ترامپ دایمەزراند و ناویناوە دەستەی ئاشتی.

لەبارەی کۆبونەوەکەی رۆژی دوو شەممە لەگەڵ ناتانیاهو لە ئۆرشەلیم، کوشنەر ووتی "هەندێک مەسەلەی جێبایەخ هەبوون کە خرانەڕوو و توانیمان باسیان بکەین."

کوشنەر لە چاوپێکەوتنەکەدا جەختیکردەوە کە بوونیاتنانەوە بەندە لەسەر چەکدانان، و ووتی "ئێمە رێگەنادەین غەززە بونیاتبنرێتەوە تاوەکو لەسەربازیخستن روونەدات." هەروەها ئەوەشی ووت کە "کەس نایەوێت پارەی زیاتر لە شوێنکدا خەرجبکات کە دەرئەنجام لەلایەن تیرۆریستانەوە دەستی بەسەردا بگیرێت یاخود خاپوربکرێت."

وتیشی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان "مافی ئیسرائیل لە بەرگریلەخۆکردن لەکاتی هەبوونی هەڕەشەدا" سنوردارناکات.

کوشنەر ئەوەشی زیادکرد کە "چاوەڕوان دەکەین لەماوەی 30 رۆژدا بەرەوپێشچوون ببینین." و هیواشیخواست لەماوەی 60 بۆ 90 رۆژدا چەکەکان دابماڵرێن و تونێلەکان پڕبکرێنەوە. ئەو ئەم هەنگاوەشی بە قازانج بۆ ئیسرائیل وەسفکرد کە "هەڕەشەیەکی ئەمنیی مەزن"ی لەسەر هەڵدەگیرێت.

ترامپ رۆژی دووشەممە وتی کە پێویستە ئیسرائیل رابوەستێت لە هێرشکردنە سەر غەززە و ووتی "حەماس رازیبووە چەکدابنێت."

کوشنەر بە فۆکس نیوزی ووت "من کە سەردانی شوێنە جیاجیاکانی ناوچەکە دەکەم، دەبینم خەڵک بێزاربوون لە جەنگ." و هەروەها ئەوەشیووت کە "بڕوام وایە ئەو خەڵکە ئامادەن بۆ شتێکی نوێ." ووتیشی کە متمانە نەماوە، ئەمەش وایکردووە هەریەکە چاوەڕوانی ئەوەبێت "کێ هەنگاوی یەکەم دەنێت."

کوشنەر ئەوەشی ووت کە ترامپ "پێشتر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست موعجیزەی خولقاندووە."

شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەهۆی هێرشەکەی 7ی 10 ساڵی 2023ی حەماس بۆ سەر باشوری ئیسرائیل هەڵگیرسا کە تیادا 1200 ئیسرائیلی کوژران و نزیکەی 251 کەسیش بە بارمتەگیران.

This item is part of
XS
SM
MD
LG