Accessibility links

ئەمڕۆ 12 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی کۆجۆ تێپەڕ دەبێت

ئەمرۆ شەممە 12 ساڵ بەسەر یەکێک لە دڕندەترین و قێزەونترین تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی تێدەپەڕێت کە چەکدارانی داعش بەرامبەر بە دانیشتوانی ئێزدی گوندی کۆجۆ لە دەڤەری شنگال ئەنجامیاندا.

15ی هەشتی 2014، ڕۆژێکی ئاسایی نەبوو بۆ خەڵکی شنگال و دانیشتوانی گوندی کۆچۆ. کاتێک ناوی گوندی کۆچۆ دەهێنرێت، تەنها خەیاڵی خەڵک دەچێتە سەر کۆمەڵکوژی ژن و منداڵ و پیاو، ئەوانەی قوربانی تیرۆریستانی داعش بوون، کە لەو ڕۆژە ڕەشەدا زیاتر لە 400 کەسیان کوشت و لە 22 گۆڕی بەکۆمەڵدا ژێرخاک کران.

کردەوەی داعش لە کۆچۆ بەشێک بوو لە هێرشێک بۆ سەر دەڤەری شنگال کە تیایدا بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ئێزیدییەکان زیاتر لە شەش هەزار و 417 کەس ڕفێندراون و 68 پەرستگایان تێکشکێنراون.

شایانی باسە، بەغدا و هەولێر لە ساڵی 2020 ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد، بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، بەڵام تا ئێستا ڕێککەوتنەکە پەسەند نەکراوە. لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەڕی پەرلەمانی عێراق بڵاوکراوەتەوە، فەرهاد ئەتروشی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جارێکی دیکە داوای پەسەندکردنی ڕێککەوتنەکە دەکات.

ڕۆژنامەنووس خدر دومیلی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، “سەرەڕای گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی لە زۆربەی ئەو ناوچانەی پێشتر لەژێر دەسەڵاتی داعش بوون، شنگال هێشتا لە دۆخێکی خراپدایە و ئاستەنگ لەبەردەم گەڕانەوەی شنگالییەکاندا هەیە”.

دومیلی دەڵێت، “شەرمەزاری گەورە لە بابەتی گۆڕە بەکۆمەڵەکاندایە، کە حکومەتی فیدراڵی دوای چەند ساڵێک نەیتوانیوە پشکنینی دی ئێن ئەی تەواو بکات، لەڕووی خزمەتگوزاری و قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکانیش هیچ شتێکی بەرچاوی نەکردووە”.

دوای 12 ساڵ هەوڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها هەوڵی کەسایەتییە ناوخۆیی و ئێزیدییەکان و ڕێکخراوە بیانییەکان، زیاتر لە 3 هەزار و 500 کەس ڕزگارکراون کە زۆربەیان ژن و کچ بوون و دۆسیەی شنگال و کۆچۆش تا ئێستا بە کراوەیی ماوەتەوە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG