Accessibility links

نەتەوەیەکگرتووەکان: مانگی حەوت کوشندەترین مانگ بووە بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی ئۆکرانیا

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیان کە مانگی حەوت کوشندەترین مانگ بووە بۆ کەسانی مەدەنی لە ئۆکرانیا لە چوار ساڵی ڕابردوودا و رۆژی هەینی هێرشەکان لە هەردوو لاوە بەردەوامبوون.

چاودێرانی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە لە مانگی حەوتدا لانیکەم 437 کەسی مەدەنی لە ئۆکرانیا کوژراون و 2610 کەسیش برینداربوون. ژمارەی کوژراوانی ئەم مانگە بە رێژەی %30 زیادیکردووە و بە بەراورد بە ساڵی پار بە ڕێژەی %70 زیادبووە. قوربانیانی منداڵیش بەرزترین ئاستی تۆمارکردووە، لە مانگی چواری 2022 ەوە.

دانیێلا بێڵ، سەرۆکی نێردەی چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کیێڤ، وتی "هەموو مانگێکی ئەمساڵ ژمارەی کوژراو و برینداری مەدەنی زیادیکردووە. ئەو هەڵکشانەش بەشێوەیەکی بەرچاو لە مانگی حەوتدا بووە."

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، موشەک و فرۆکەی بێفڕۆکەوان زۆرتریین قوربانییان لە ئۆکرانیا خستۆتەوە، بە زۆریی لە شارەکان، دوور لە بەرەکانی جەنگ. شاری کیێڤ لە هەموویان سەختتر پێکراوە و 54 کەسی مەدەنی کوژراون.

لە کاتی دەستپێکردنی شەڕەکەوە لە مانگی دووی 2022، نەتەوە یەکگرتووەکان کوژرانی لانی کەم 16874 کەسی مەدەنی لە ئۆکرانیا تۆمارکردووە، لەنێویاندا 820 منداڵ، 51273 بریندار. دەسەڵاتدارانی ڕووسیا ڕایانگەیاندووە کە لە مانگی حەوتدا 79 کەسی مەدەنی لە ڕووسیا کوژراون. نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە ناتوانێت ئەو ژمارانە پشتراست بکاتەوە.

بەگوێرەی ئیداری هەرێمی سومی لە باکوری ئۆکرانیا رۆژی هەینی فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی رووسیا ماڵێکی پێکا کە تیایدا ژنێکی تەمەن29 ساڵ و کوڕە 9 ساڵانەکەی کوژران و چوار کەسیش برینداربوون.

ڤلۆدیمێر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا وتی کە لە هەرێمی دۆنێسک لە خۆرهەڵات، بۆمبێکی ئاسۆیی هاوێژراوی ڕووسیا بەر ئاپارتمانتێک کەوتووە و کەسێک کوژراوە و 16 کەسیش بریندارن. هەروەها ئەوەشی وت کە رووسیا ڕۆژانە نزیکەی 220 بۆمبی ئاسۆیی هاوێژراو دەنێت بە ناوچەکانی نزیک لە بەرەکانی جەنگەوە.

پارێزگاری هەرێمەکە ووتی کە ئۆکرانیا هێرشی بەرپەرچدانەوەی کردۆتەسەر بەندەری ئوست لوگای رووسیا لە دەریای بەڵتیک کە یەکێکە لە گەورەترین رێگەکانی هەناردەکردنی نەوت و گازی رووسیا و بەهۆیەوە ئاگرێک کەوتۆتەوە. وەزیری بەرگریی رووسیا ووتی کە ئۆکرانیا لە شەوی رابردوودا 553 فرۆکەی بێفڕۆکەوانی هەڵداوە.

ڕووسیا ڕۆژی هەینی بیرۆکەی راگرتنی شەڕی لە دەریای ڕەش ڕەتکردەوە، کە تیایدا هێرش بۆ سەر کەشتییەکان بووتە مایەی بەرزبوونەوەی نرخی دانەوێڵە لە جیهاندا. مارییا زاخەرۆڤا، ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ووتی کە مۆسکۆ هیچ "پاساوێک نابینێت بۆ چارەسەری نیوەناچڵ."

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، ئۆکرانیا لەڕێگەی لایەنی سێیەمەوە پێشنیازێکی بۆ رووسیاکردووە تاوەکو هێرشەکان بۆ سەر ئامانجە مەدەنییەکان لەناو دەریادا رابگیرێت.

لە وەڵامی داوایەکی دەنگی ئەمەریکادا، کۆشکی سپی رایگەیاند کە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ "دەیەوێت ئەم شەڕە یەکلابکرێتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە کوشتنی بێمانا." بەرپرسێکی کۆشکی سپی ووتی کە ترەمپ و تیمەکەی "هەر پابەندن بەوەی رۆڵێکی بونیاتنەرانە بگێڕن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا." و هەروەها ووتیشی کە سەرۆک "گەشبینەوە بەوەی کە دەرئەنجام دەگەین بە رێکەوتنی ئاشتی."

هەوڵەکانی ئاشتی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا وەستاون. لە مانگی دووەوە کە واشتن کەوتۆتە شەڕەوە لەگەڵ ئێران، هیچ دانوساندنێک نەکراوە.

سێرگی لاڤەرۆڤی وزیری دەرەوەی رووسیا رۆژی هەینی ووتی کە سەرۆک ڤلادیمێر پووتین پێشوازیدەکات لە نێردراوەکانی ترەمپ ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ مۆسکۆ، هەروەها وتیشی "پرسیارەکە ئەوەیە لەگەڵ خۆیان چی دەهێنن."

هەروەها لاڤرۆڤ وتیشی کە ڕووسیا لە ئێستادا لە شەڕکردن لە بەرەکانی پێشەوە ڕاناوەستێت و ڕێکارەکانی لە دژی سوپا خۆرئاوییەکان توندتردەکات کە کۆمەک بۆ ئۆکرانیا دابین دەکەن. سەرۆک زیلێنسکی وتی کە ئەم هەفتەیە ئۆکرانیا چەندین پێشنیازی داوە بە دانسوسانکارە ئەمەریکاییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.

This item is part of
XS
SM
MD
LG