Accessibility links

وەزیری نەوت: عێراق ڕۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات

بەسیم محەمەد وەزیری نەوتی عێراق ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، لە سەرەتای مانگی هەشتەوە هەناردەی نەوتی عێراق گەیشتووەتە دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، ڕۆژی هەینی 14ی هەشت 2026، بەسیم محەمەد خوزیر، وەزیری نەوتی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ئەسعەد ئەلعیدان پارێزگاری بەسرە ڕایگەیاند، وێستگەی غازی ناوەندی لە کێڵگەی نەوتی فەیحە’یش دەستی بە کارەکانی بەرهەمهێنانی غاز کردووە.

وێستگەکە توانای بەرهەمهێنانی 130 ملیۆن پێ سێجا غازی هەیە لە ڕۆژێکدا، کێڵگەی فەیحەش ڕۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.

وەزیری نەوتی عێراق وتی: عێراق بەرهەمی نەوتی زیاد کردووە، لە سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵەوە ڕۆژانە 2 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات.

وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵێکی هاوبەش لەسەر داوای عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەردەوامە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی غاز و نەوت لە سەرجەم پارێزگاکان.

وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، لە ئێستادا چوار کەشتی نەوتهەڵگر لە بەندەرەکانی فاو و بەسرە ئامادەن بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق.

شایانی باسە دوای سەردانەکەی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن و دیدارەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و کۆمپانیا ئەمریکییەکان، عێراق دەیەوێت هەناردەی نەوت زیاد بکات.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا عێراق ڕێککەوتنی هاریکاریی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی ئەمریکی واژۆ کردووە، لەوانە کۆمپانیا تایبەتمەندەکانی پیشەسازی نەوت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG