دەزگای دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی هێزەکانی هاوپەیمانان سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە ئاسمانی هەولێر خستنە خوارەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە ئاسمانی هەولێر خراونەتە خوارەوە و لەناوبراون. پاشماوەکانیان لە نزیک ماڵەکانی نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کەوتوونە خوارەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی دژە تیرۆری کوردستاندا باس لەوە کراوە، تێکشکاندنی درۆنەکان هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
هەروەها تا ئێستا نازانرێت هێرشەکان لە کوێوە ئەنجام دراون و هیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە ڕانەگەیاندووە.